وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە باڵوێزی توركیا دەپرسێتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە باڵوێزی توركیا دەپرسێتەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتی باڵوێزی توركیای لە بەغدا كرد، بۆ لێپرسینەوە و پێشكەشكردنی ناڕەزایینامەیەك لە بەرانبەر هێرشی دوێنێی فڕۆكەكانی توركیا بۆ سەر كەمپێكی پەنابەران لە نزیك مەخموور.


تۆڕی هەواڵی (سكای نیوز) لە وەزارەتەكەی گواستووەتەوە كە حكوومەتی عێراق بە توندی ئەم دەستدرێژییەی دوێنێی توركیا ڕەت دەكاتەوە، كە گیان لەدەستدانی خەڵك و داڕمانی شوێنی بۆردوومانەكەی لێ كەوتەوە.


لەلایەكی دیكەشەوە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراقیش بە توندی سەركۆنەی هێرشی فڕۆكەكانی توركیای كرد، بە پێشێلكارییەكی ئاشكرای سەروەریی خاكی عێراقی وەسف كرد.


جێی باسە دوێنێ توركیا لە ڕێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە كەمپێكی پەنابەرانی لە نزیك مەخموور بۆردوومان كرد و بەم هۆیەوە دوو ئافرەت گیانیان لەدەست دا.












باسنيوز



Top