ناسر هەركی: بۆشاییەكی زۆری ئەمنی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە

ناسر هەركی: بۆشاییەكی زۆری ئەمنی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە
ئەندامێكی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی عێراق ڕای دەگەنێت بۆشایەكی زۆری ئەمنی لە نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزە عێراقییەكاندا هەیە و پێویستە هەردوولا پێكەوە سەقامگیریی بۆ ناوچەكان بگەڕێننەوە.

ناسر هەركی ئەندامی لیژنەی ناوخۆ و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: "ماوەیەكە تیرۆریستانی داعش لە سنووری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەستیان بە جموجۆڵ كردووەتەوە و ئێمەش هەوڵمان داوە تا پەرلەمان پاڵەپەستۆ بخانە سەر سوپای عێراق بۆ ئەوەی ئو ناوچانە بپارێزیت کە كێشە لەسەرن و بۆشایی ئەمنی لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەدا هەیە".

ڕاشی گەیاند: "تا ئێستا سوپای عێراق نەیتوانیوە كۆنترۆڵی ئەو ناوچانە بكات كە ئێستا داعش جووڵەی لێ پەیدا كردووە و هەر نائارامییەك لەم ناوچانە ڕوو بدات، ئێمە دەیخەینە سەر ئەستۆی وەزارەتی بەرگریی عێراق، چونكە چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە کرا و وەزارتی پێشمەرگە هەموو ئامادەییەكی خستە ڕوو، بەڵام ئەوان پشتگوییان خست".

ناسر هەرکی گوتیشی: "پێویستە هێزەكانی پێشمەرگە بگەڕێنەوە ئەو ناوچانە، چونكە خەڵكەكە لەگەڵ هێزی پێشمەرگە دەتوانن بەرگریی زیاتر لە ناوچەكانی خۆشیان بكەن و پێکەوە لەگەڵ سوپای عێراقیش دەاتوانن سەقامیگری بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێننەوە".









باسنیوز



Top