كەركووك.. بە بیانووی پشكنین هەڵدەكوترێتە سەر گەڕەكێكی كوردنشین
بەپێی زانیارییەكان ئەمڕۆ پێنجشەممە 16/4/2020، هێزە ئەمنییە سەپێندراوەكانی كەركووك بە بیانووی پشكنینی ماڵان هەڵیانكوتاوەتە سەر گەڕەكی كوردستان (فەیلەق)ی شاری كەركووك، كە یەكێكە لە گەڕەكە گەورە كوردنشینەكانی شاری كەركووك، ئەوەش نیگەرانی لای هاووڵاتیان دروست كردووە.
لەو چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 16/4/2020، ئەدهەم جومعە، بەرپرسی بزووتنەوەی مافی كورد لە كەركووك،ڕایگەیاند: "لە كەركووك هەڵكوتانە سەر ماڵان هەبووە و بەردەوامە بە بیانووی پشكنین بەتایبەت لە هەردوو گەڕەكی كوردستان (فەیلەق) و پەنجا عەلی شاری كەركووك كە دوو گەڕەكی كوردنشینن".
لەلایەكیترەوە ئەدهەم جومعە، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، لە كەركووك هێزە ئەمنییەكان بەتایبەت لیوای 61ی سەر بە حكوومەتی عێراقی قەدەخەی هاتوچۆیان كردووەتە ئامرازێك بۆ تەعەداكردن لە خەڵك و هەروەها سەرانە لە خەڵك وەردەگرن و هاوكات بە شێوەیەكی ناشرین مامەڵە لەگەڵ خەڵكدا دەكەن، بەتایبەت لەم دۆخەدا كە خەڵك خۆی كاروكەسابەتی نەماوە بەتایبەت لەگەڕەكە كوردییەكان ئەو كردەوانە دەكەن.
باسنیوز
