ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا پشووی دامەزراوەکانی حکوومەت درێژ بکاتەوە

ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا پشووی دامەزراوەکانی حکوومەت درێژ بکاتەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/4/15، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، ئەنجومەنی وەزیران کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران بەشدار بوو، دۆخی تەندروستی و ئابووری هەرێمی کوردستان هەڵسەنگێنرا و دوایین پێشهات و پلانەکانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا تاوتوێ کرا.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی بارگرانی لە سەر خەڵک سووک بکەین بە شێوەیەک کە کاریگەریی لە سەر جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزیی و رێنماییە تەندروستییەکان نەکات.

هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران لە کاتێکدا سوپاسی خۆڕاگری و پابەندبوونی هاووڵاتییان دەکات بە رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزیی، بڕیاریدا پشووی فەرمی دامودەزگاکانی حکومەت تا 2ی ئایار درێژ بکرێتەوە و رێکارەکانی خۆپارێزیش بەردەوام بن.

لە کۆبوونەوەکەشدا بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزیری ھەرێم بۆ پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی بۆ ئامادەکاریی ناردنی شاندێکی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارە فیدڕاڵییەکان بەمەبەستی بەدواداچوونی ماف و شایستەکانی ھەرێمی کوردستان و یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کۆرۆنا و قەیرانی بارودۆخی دارایی لە عێراق و ھەرێمی کوردستانیش.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران لە (32) مین ساڵیادی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، داوای کرد کە حکومەتی فیدراڵی عێراق بەرپرسیارێتی دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی ئەو تاوانە و قەرەبووکردنەوەی سەرجەم ئەو زیانانەشی بەر ھەرێمی کوردستان کەوتوون لە دەرئەنجامی سیاسەتی کاولکاریی رژێمەکانی پێشوو وەک لە دەستووردا بە ئاشکرا جێگیرکراوە.

هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران هێرشی حەفتەی رابردووی تیرۆرستانی داعشیشی بۆ سەر شارۆچکەی کوڵەجۆ ئیدانە و شەرمەزار کرد کە بووە هۆی شەهیدبوونی دوو پێشمەرگەی قارەمان وبرینداربوونی چەند پێشمەرگەیەکی تر، ئەمەش ئەوەمان بیردەخاتەوە کە ھێشتا مەترسی تیرۆر ماوە و کۆتایی پێنەھاتووە ، ھەروەھا ئەنجومەنی وەزیران ستایشی هێزی پێشمەرگەشی کرد کە جگە لە راپەڕاندنی ئەرکی پاراستنی ھەرێم لە ھێرشی تیرۆریستان، یارمەتی ئاسایش وهێزەکانی ناوخۆش دەدات بۆ جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزیی.

ئەنجوومەنی وەزیران جەژنی قیامە لە خوشک وبرا مەسیحییەکان و سەری ساڵی ئاینی ئێزدیش لە خوشک و برا ئێزدییەکان پیرۆز دەکات.













باسنيوز



Top