پێدانی کارەبای نیشتمانی زیاد دەکرێت

پێدانی کارەبای نیشتمانی زیاد دەکرێت
بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان ئاماژە بە زیادبوونی پێدانى کارەبای نیشتمانی دەدات و ئاشکرای دەکات، ئێستا بە تێکڕا لە 24 کاتژمێر، 18 کاتژمێر کارەباى نیشتمانى هه‌یه‌.

ئومێد محەمەد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: "لە ماوەی قەدەغەی هاتوچۆدا زۆرترین کارەبا دراوەتە هاووڵاتییان، لە 20 ڕۆژی مانگی سێدا بە گشتی شەو و ڕۆژ 15 کاتژمێر کارەبا بۆ هاووڵاتییان دابین کراوە، لەو ماوەیەدا دوو شەپۆڵی سەرماش هەبوو، تەنانەت لە هەندێک شوێن بەفر باری، ئەوەش خواستی لەسەر کارەبا زیاد کرد".

ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو: "لە مانگی چواردا بڕی کارەبا سێ کاتژمێری دیكه‌ زیاد بوو و لە ماوەی دوو هەفتەی مانگی چواردا، تێکڕای پێدانی کارەبا بووه‌تە 18 کاتژمێر لە شەو و ڕۆژێکدا، بۆ لەمەودوا 18 کاتژمێرەکە زیاتریش دەبێت".

ئومێد محەمەد باسى له‌وه‌ش كرد، کێشەی دابینکردنی غازی سرووشتییان نییە بۆ وێستگەکان، گوتیشی: "لەو ماوەیەدا کارمەندان و تیمەکان زۆرترین کاریان کردووە، بۆ ئەوەی هاووڵاتی بەهۆی قادەغەی هاتوچۆ کە لە ماڵەوەیە، كاره‌باى نیشتمانییان كه‌م نه‌بێت".










باسنیوز



Top