ئەمریکا ڕێگە نادات پارەی بلۆکەکراوی ئێران لە ئاڵمان ڕادەستی بکرێتەوە
چەند ڕۆژ پێش "حەسەن ڕۆحانی" سەرکۆماری ئێران باسی لەوە کرد توانیویانە بڕی ١.٦ میلیارد دۆلار لە پارەی بلۆکەکراوی ئێران لە ئاڵمان ئازاد بکەن.
دوای ئەو قسەیەی ڕۆحانی دادگای لوکزامبۆرگ ڕای گەیاند، بڕیاری ئازادکردنی ئەو پارەیە بە فەرمی تەئید نەکراوە و ئەمریکا دەتوانێت ناڕەزایی بەو بڕیارە دەرببڕێت.
ئێستا ئەمریکا ڕای گەیاندووە کە ئەو بڕە پارەیە کە دەستی بەسەردا گیراوە بە ئێران نادرێتەوە.
ئەو پارەیەی ئێران لە دامەزراوەی "کلێر ستیم" کە کۆمپانیایەکی دارایی سەر بە بوورسی دۆیچەوێلە لە لوکزامبۆرگە، دەستی بەسەردا گیراوە.
ساڵی ٢٠١٢ دادگایەکی نیۆیۆرک بڕیاری دا دەبێ ئێران ٧ ملیار دۆلار وەک غەرامە بە قوربانیانی ڕووداوی ١١ی سێپتەمبەر بدات.
ئەو دادگایە لە حوکمەکەی خۆیدا باسی لەوە کرد تاران لە ڕێگای خاکی خۆیەوە یارمەتی بە گرووپی تێرۆریستیی "ئەلقاعیدە" داوە هەتا بتوانێت هاتوچۆ بکات.
هاوکات دوێنێ مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دژایەتیی دربڕیوە کە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی بڕی پێنج ملیار دۆلار پارەی نەختینە وەک قەرز بداتە ئێران، چونکە ئەو وڵاتە پارەی پێویستی بۆ کۆنترۆڵی کۆرۆنا هەیە و خەرجی ناکات.
هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش داوە ئەمریکا ڕاشکاوانە ڕای گەیاندووە کە ئامادەی هاوکاریی مرۆڤدۆستانە بە ئێرانە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ڕزای نابین پارەی نەخت بە ئێران بدرێت.
باسنيوز
