لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک 826 دەستگیرکراو بە مەرج ئازادکران

لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک 826 دەستگیرکراو بە مەرج ئازادکران
ئەو لیژنەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستیکرد بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک دەستگیرکراو بە مەرج، ئاماری ئەو ئازادکراوە مەرجدارانەی لە پارێزگا و ئیدارەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە کە 826 کەسن.

بەپێی راگەیێندراوی لیژنەکە، کە رۆژی 14-4-2020 بە واژۆی سەرۆکی لیژنەکە بڵاوکراوەتەوە، لە هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک 826 کەس بە مەرج ئازادکراون و دەڵێ "ئەو ژمارەیەی ئازادکراون لە 5-4-2020 تاوەکو 13-4-2020 ئازادکراون و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت".

ئەوانەی ئازادکراون بەپێی پارێزگاکان بەم شێوەیە، پارێزگای هەولێر 159 کەس، سلێمانی 348 کەس و دهۆک 319 کەس، بەڵام لە ئیدارەی گەرمیان هێشتا هیچ زیندانییەک ئازادنەکراوە و لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "پرۆسەی لێکۆڵینەوە بەردەوام دەبێت".

ئازادکردنی بەمەرجی ئەو دەستگیرکراوانە، هەوڵێکە بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێو زیندانییەکان و پێشتر چەندجارێک داواکرابوو.

ئەو لیژنەیەی حکومەت بۆ ئەو مەبەستە دروستیکردووە پێکدێن لە، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر، نوێنەری داواکاری گشی، سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، نوێنەرێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و نوێنەرێکی ئاسایشی گشتی.











رووداو
Top