ته‌ندروستیی سلێمانى: ڕێگە نادەین قەدەغەی ھاتوچۆ بەبێ مەرج ھەڵبگیرێت

ته‌ندروستیی سلێمانى: ڕێگە نادەین قەدەغەی ھاتوچۆ بەبێ مەرج ھەڵبگیرێت
جێگری بەڕێوه‌بەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، پێشێلکاری زۆر لەو شوێنانە به‌دى ده‌كه‌ن، كه‌ له‌لایه‌ن لێژنه‌ى باڵاى ئۆپه‌راسیۆنه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى كۆرۆنا كراونه‌ته‌وه‌.

ھێرش سەلیم، جێگری بەڕێوه‌بەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕايگەیاند: "پێشێلکاری زۆر بەدی دەکەین لەو شوێنانەی کە بەپێی ڕێنوێنییه‌كانى سەرۆکی لێژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کراونەتەوە، بەداخەوە لەو شوێنانە قەرەباغییه‌كى زۆر دەبینین، بەڵام ئێمە 15 تیمی فراوانمان دروست کردووە، ئەگەر بزانین ئەو شوێنانە سەرپێچی خۆپارێزی دەکەن، بۆ ماوەی مانگێک شوێنەکانیان دادەخەین".

گوتیشی: "ھیچ شوێنێک نییە لە جیھاندا مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنای لێ نەبێت، ئەگەر حاڵەتیشی لێ نەبێت، مەترسیی سەرھەڵدانی ئەو ڤایرۆسە ھەر ھەیە، بۆیە تاوەکو ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەدۆزرێتەوە، مەترسیی ئەو ڤایرۆسە لە ھەرێمی کوردستان دەمێنێت، چونکە ئەگەر ئەمساڵیش نەبێت، ساڵێکی دیکە ئەو ڤایرۆسە سەرھەڵدەداتەوە، چونکە تازە ئەو ڤایرۆسە بووە بە ڤایرۆسێکی جیھانی و دەبێ خۆمانی بۆ ئامادە بکەین".

جێگری بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد: "قەدەغەی ھاتوچۆ قۆناغ بە قۆناغ کەم دەبێتەوە، بۆیە ھیچ شتێک نییە بۆ ئەوەی لەپڕ قەدەغەی ھاتوچۆ نەمێنێت، خۆشمان ڕێگە نادەین، قەدەغەی ھاتوچۆ بەبێ مەرج نەمێنێت، ھەندێک شوێن ھەیە بەتایبەتی شوێنە داخراوەکان و سەنتەری بازاڕ، مزگەوت و کافتریاو باڕەکان، نابێت تاوەکو 15/5/2020 بکرێنەوە".












باسنيوز



Top