سه‌رۆك بارزانى: پێویستە هەوڵەكانی بەجینۆسایدناساندی ئەنفال لەسەر ئاستی جیهانی بەردەوام بن

 سه‌رۆك بارزانى: پێویستە هەوڵەكانی بەجینۆسایدناساندی ئەنفال لەسەر ئاستی جیهانی بەردەوام بن
سه‌رۆك بارزانى له‌ 32ه‌مین ساڵیادى كاره‌ساتى ئه‌نفال، په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات: "پێویستە هەوڵەكانی بەجینۆسایدناساندی ئەنفال لەسەر ئاستی جیهانی بەردەوام بن".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 14/4/2020، سه‌رۆك بارزانى له‌ 32ه‌مین ساڵیادى كاره‌ساتى ئه‌نفال، په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه‌ و ده‌ڵێت: "لە سی و دووەمین ساڵەی دەستپێكردنی شاڵاوی ئەنفال لە دژی ڕۆڵەكانی گەلەكەماندا، هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی كوردستان دەنێرین و سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی ئەنفال دەكەین".

سه‌رۆك بارزانى هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌ كردووه‌: "ئەگەرچی لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی زۆر دراوە بۆ بەجینۆسایدناساندنی شاڵاوی بەدناوی ئەنفال لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال و دۆزینەوە و هێنانەوەی ڕوفاتی ئەنفالکراوان، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەنجامێکی وای نەبووە، بۆیە دیسانیش جەخت دەکەینەوە کە پێویستە هەوڵەكانی بەجینۆسایدناساندی ئەنفال لەسەر ئاستی جیهانی بەردەوام بن و بگەنە ئەنجام، هەروەها دەوڵەتی عێراقیش بەرپرسیارە لە قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان و پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە باشترین شێوە خزمەتی خانەوادەی شەهیدانی ئەنفال بكات و ڕوفاتی پیرۆزی هەموو شەهیدانی ئەنفالیش بگەڕێندرێتەوە خاكی نیشتیمان".

له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌دا سه‌رۆك بارزانى ده‌شڵێت: "هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی قوربانییانی ئەنفال و تەواوی شەهیدانی کوردستان".





باسنیوز
Top