سەرکردایەتیی پارتی لە گەرمیان: هێشتا عێراق و جیهان لەبارەی ئەنفال کەڕ و لاڵن

 سەرکردایەتیی پارتی لە گەرمیان: هێشتا عێراق و جیهان لەبارەی ئەنفال کەڕ و لاڵن


ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، هێشتا عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبارەی کارەساتی ئەنفالەوە، کەڕ و لاڵن.

لە بەیاننامەیەکدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە 14-4-2020 لە ساڵوەگەڕی کارەساتی ئەنفالدا بڵاوی کردووەتەوە، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات ئاسانکاریی زیاتر بۆ حکومەتی ھەرێمی وردستان بۆ دۆزینەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی ئەنفالکراوان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، بکات.

دەقی بەیاننامەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی:

بەیاننامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی

کەرکووك - گەرمیان

له سی و دووەمین ساڵیادی ئەنفالدا

لەم یادەوەرییە پڕ ئێش و ئازارەدا ئەو ڕۆژگارە سەخت و دژوار و ئەو تاوانە بێوێنانەی ڕژیمی بەغدا لە کوردستان دژ بە گەلەکەمان ئەنجام دران بیر دێنینەوە و سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەھیدانی ئەنفالی کورد و کوردستان دادەنوێنین ئومێدەوارین ھیچ جاری دیکە نە لە کوردستان و نە لە ھیچ شوێنێکی دیکەی دنیا کارەساتی لەو شێوەیە ڕوو نەدات.

لە 14-ی مانگی نیسانی هەموو سالێکدا یادی دڕندەترین تاوان دژ بە ھاووڵاتییانی سڤیلی گەلی کوردستان دەكەینەوە كە رژێمی دیكتاتۆری بەعس دژ بە گەلی كوردستان ئەنجامی دا و ناوی لێ نا ئەنفال.

ئەنفال .. تاوانی جینوسایدی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو بوو کە بەفەرمانی سەدام و سەرپەرشتیی تاوانبار ( علی حسن مجید ناسراو بە علی کیماوی) بەهەشت قۆناغی جیاواز ئەنجام درا و لە تەواوی قۆناغە جیاوازەکانیشدا و ، بە سوود وەرگرتن لە هێرشی ئاسمانی و سەر زەویی و موشەك و چەکی قەدەغە و وێرانکەر 182 هەزار هاوڵاتیی کوردی سڤیل بوونە قوربانی و 4500 گوند خاپوور كران و کانیاوەكان ویران كران و بە هەزاران كێڵگە و دارستان و رەزی هاووڵاتیان سووتێنران. ئەمەش ئەو ڕاستیە ئەسەلمێنێت کە ڕژێمی بەعسی سەدامی دیکتاتۆر جینوسایدی بە بەرنامە بۆ داڕێژراوی دژ بەگەلی کوردستان ئەنجامدا.

ئێستا سی و دووەمین ساڵیادی ئەنفالی گەلی کوردستانە و، ھێشتا ویژدانی دەوڵەتەکان لە خەو ھەڵنەساون و سڕ و مات و بێدەنگن!!!

ھێشتا کەسوکاری شەھیدانی ئەنفال و بێسەروشوێنکراوان و گەلی کوردستان بە گوێرەی لائحەی مافی مرۆڤ و یاسا و پەیماننامەی نێودەوڵەتی، ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە، ئەو جینۆسایدە حاشاھەڵنەگرە بە جینۆساید نەناسراوە!!! نە لە لایەنی حکومەتی عێراق و نە لە ئاستی نێودەوڵەتی، وڵاتان لەو ڕووەوە کەڕن نابیستن و کوێرن نایبینن!!! پەیمان و لائحە و یاسا نێودەوڵەتیەکان لەو بارەوە ھەن، کەچی لەبەر بەرژەوەندیەکانیان نایانەوێت بیبینن و بیبیستن ھەر بۆیە خۆیان کوێر و کەڕ و لاڵ کردووە!!!

بۆیە گرینگە و دەبێت حکومەتی ھەرێمی کوردستان زیاتر و لەسەر گشت ئاستەکان بە بەرنامەی باشتر لە ھەوڵی بەردەوامدا بێت بۆ جووڵاندنی ئەو ویژدان خەوتووانە تاکو لەخەو ھەڵسن.

گرینگە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر گشت ئاستەکان زیاتر و باشتر کار بکات، دیپلوماسی، گەلی کوردستان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لەھەندەران، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بەبەرنامەی باش و ھەموو تەواوکەری یەکتر بەدڵنیایی بەرھەمی باشی دەبێت.

داواش لە حکومتی عێراق دەکەین زیاتر ئاسانکاری بکەن بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دۆزینەوەی شوێنی ئەزیزانمان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق.

لەم یادە خەمناکەدا سڵاو بۆ گیانی پاکی شەھیدانی ئەنفال و ھەموو شەھیدانی سەربەرزی کورد و کوردستانی ھەمیشە لە یاد.

دکتۆر کەمال کەرکووكی

سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی

کەرکووك - گەرمیان

١٤-٤-٢٠٢٠






باسنیوز
Top