ئاگر لە کۆگایەکی کەلوپەلی کارەبایی لە هەولێر کەوتەوە

ئاگر لە کۆگایەکی کەلوپەلی کارەبایی لە هەولێر کەوتەوە
لەسەر شەقامی 60 مەتریی هەولێر ئاگر لە کۆگایەکی کەلوپەلی کارەبایی کەوتەوە و گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە، تیمەکانیان لە ژوورەوەن و سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنین.


ئاگرەکە لە کۆگای مارکێتێکی فرۆشتنی ئەو ئامێرە کارەبایی و ئەلیکترۆنییانە، رائید سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر لەبارەی هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە گوتی ، تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی دیارنییە و لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامە.

لەبارەی زیانەکانیش، ئەو گوتەبێژە ئاماژە بەوە دەکات، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، چونکە چۆڵ بووە، بۆ زیانە ماددییەکانیش، تاوەکو ئێستا دیار نین، بەڵام کەلوپەلێکی زۆر لە پشتەوەی کۆگاکە دانراون لە سەلاجە، موجەمیدە، موبەریدە، سپلیت و ئامێرە کارەباییەکان.

بەشێک لە هاونیشتمانییان لە شوێنی ئاگرەکە قەرەباڵخییان دروستکردووە، بەهۆی مەترسیی کۆرۆنا و تاوەکو تیمەکانی بەرگریی شارستانی بتوانن کارەکانیان بکەن، هێزە ئەمنییەکان بڵاوە بەو هاونیشتمانییانە دەکەن.

کۆگاکە دەکەوێتە سەر شەقامی 60 مەتری لە بەرامبەر مزگەوتی جەلیل خەیات لە هەولێر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، تیمەکانیان ئاگری بەشی پێشەوەی کۆگاکەیان کۆنترۆڵکردووە و تەنها بەشی دواوەی ماوە.










رووداو
Top