پەیامی وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوان بۆ ساڵیادی ئەنفال

پەیامی وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوان بۆ ساڵیادی ئەنفال

32ساڵ لەمەوبەر رژێمی دیكتاتۆری بەعس، هەموو توانای سەربازی خۆی بۆ قڕكردنی خەڵكی كوردستان لەناوچە ئازادكراوەكانی شۆڕشدا خستەگەڕ، لەو جوگرافیە بەرینەدا ژمارەیەكی زۆری دانیشتوانی مەدەنی دەستگیر كرد‌و دواتر لەگۆڕی بەكۆمەڵدا بەدڕندانەترین شێوە شەهیدی كردن، هەزاران گوندی خاپور كرد، رەز‌و باخ‌و درەختی سووتاند، كانی‌و كارێزو سەرچاوەكانی ئاوی كوێر كردەوە، گۆرانی‌و مەقام‌و رشتەكانی دیكەی هونەری ئەو ناوچانەی خنكاند، شوێنەوارەكانی تێكدا‌و سڕییەوە،سروشت‌و مرۆڤ‌و ژیانی هەموانی پێكەوە كوشت.
بەڵام نەیتوانی ئیرادە‌و خەونی سركی گەلێك دەستەمۆ بكا‌و لەناوی بەرێت،هەر بۆیەش دوای سێ‌ ساڵ لەو كارەساتە گەورەیە، گەلی كوردستان بەهاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان راپەڕی‌و سەرانسەری نیشتمانی لە پۆخڵی ئەو رژێمە دیكتاتۆرە پاك كردەوە.
لەسایەی پەرلەمان‌و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، دەستی ئاوەدانی گەیشتە گوندە خاپور كراوەكان، ژیانیان بۆ گەڕایەوە.
ئیدی چیرۆكەكانی ئەنفال بوونە بابەتی رشتەكانی هونەر‌و رۆشنبیری، لە نێو لقی هونەرە جوانەكان‌و پەلی ئەدەب‌و رووناكبیری رەنگی دایەوە، چەندین بەرهەمی نوێ‌ لەدایك بوون.
ساڵانە لەیادی ئەنفالدا، وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوان‌و دامودەزگا هونەری‌و كەلتورییەكانی دیكە، چالاكی هەمەرەنگیان ئەنجام دەدا‌و لەو رێگەیەوە رۆحی قوربانیان ئاسودە دەكرد.
ئەمساڵیش بڕیار بوو چەندین چالاكی جۆرا‌و جۆر لەساڵیادی ئەنفالدا لەسەرانسەری هەرێمی كوردستاندا ئەنجام بدرێت. بڕیاری ئەوەش درابوو،(فیستڤاڵی فیلمی سینەمایی‌و دیكۆمێنتاریی جینۆساید‌و ئەنفال)ی نێودەوڵەتی لەمانگی نیسان لە گەرمیان ئەنجام بدرێت، بەهۆی ئەوەی پشكی شێری قوربانییەكانی ئەنفال لەو دەڤەرە خەباتگێڕەیە.
بەڵام بەداخەوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە نەتوانرا هیچ چالاكییەك ئەنجام بدرێ‌.
لەم یادەدا دروود بۆ رۆحی پاك‌و بێگەردی قوربانیانی ئەنفال دەنێرین، ئومێدەوارین لەداهاتوودا بتوانین كار‌و چالاكی هونەری‌و رۆشنبیری باشتر ئەنجام بدەین‌و رۆحی قوربانیان ئاسوودە بكەین.
حەمەی حەمە سەعید
وەزیری رۆشنبیری‌و لاوان
Top