تووشبوویەکی دیکەی کۆرۆنا لە کەرکووک چاکبووەوە

تووشبوویەکی دیکەی کۆرۆنا لە کەرکووک چاکبووەوە
بەڕێوەبەری بەشی تەندروستیی گشتی لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک رایگەیاند، تووشبوویەکی دیکەی کۆرۆنا لە کەرکووک چاکبووەتەوە کە کچێکی تەمەن 20 ساڵانە و پاش کەمێکی دیکە نەخۆشخانە جێدەهێڵێت.

د. سەباح نامیق، بەڕێوەبەری بەشی تەندروستیی گشتی لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک راگەیاند "ئەو تووشبووە ئەندامی خانەوادەی پشتیوان یەحیایە کە پێشتر پێنج ئەندامی دیکەی خێزانەکەیان چاکبوونەتەوە و گەڕاونەتەوە ماڵەوە".

بەپێی زانیارییەکان، ئەو کەسەی چاکبووەتەوە، کچێکی تەمەنی 20 ساڵانە و دانیشتووی گەڕەکی شۆڕیجەیە، ماوەی زیاتر لە 15 رۆژە لەژێر چاودێریدایە.

بەڕێوەبەری بەشی تەندروستیی گشتی لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک گوتیشی "سێ پشکنینمان بۆ گەڕاوەتەوە کە ئەنجامەکانیان نێگەتیڤ بوون".

هاوکات هەر ئەمشەو بڕیارە ئەنجامی پێنج پشکنینی دیکە بگەڕێتەوە کە چاوەڕوان دەکرێت ئەنجامی ئەو پشکنینانەش نێگەتیڤ بن.

لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا 330 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش بەپێی ئامارەکان تاوەکو ئێستا 161 کەس چاکبوونەتەوە و چوار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێکەوە، تاوەکو ئێستا هەزار و 352 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 640 کەس چاکبوونەتەوە و 76 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.









رووداو
Top