بارزانی: سەربەخۆیی خەون نییە مافە
ئەمەی خوارەوە دەقی وەرگێڕدراوی هەڤپەیڤینەكەیە لە زمانی عەرەبییەوە:
- پەیوەندی كوردی- ئەمریكی پەیوەندییەكە تائێستا روون نییە، هەندێكجار كورد دەبنە هاوپەیمان، هەندێكجار ئەمریكا پشتیان لێدەكات بەهۆی بەرژەوەندییە شاراوەكان.
بارزانی: لەسەردەمی جۆرج بۆشی باوك، پێیانڕاگەیاندین كە هێزەكانمان دەكێشینەوە و بنكەی هاوئاهەنگی لە زاخۆ دەمێنێتەوە. جەختیان لەسەر ئەوەكرد ئەگەر حكومەتی عێراق هێرشیكردە سەر ئێوە، ئەوان بەرپەرچیان دەدەنەوە، بەڵام ئەگەر ئێوە هێرشتان كردە سەر حكومەتی عێراق ئەوسا ئێمە دەستتێوەردان ناكەین. ئەمە پەیامی واشنتۆن بوو. دوای ئەوەی كلینتن هاتە سەر دەسەڵات، پەیامەكە گۆڕدرا. گوتیان، ئەگەر ئێوە هێرشبكەنە سەر سوپای عێراق، ئێمە دەستوەردان ناكەین و هیچ شتێك ناكەین، بەڵام ئەگەر ئەوان هێرشیانكرد، ئێمە وەڵامیان دەدەینەوە، بەڵام لەو كاتە و لەو شوێنەی كە ئێمە دیاریدەكەین. منیش گوتم لە ئیسلام فاتیحە هەیە لەسەر مردووان دەخوێندرێت، ئەگەر مردین ئێوە فاتیحەمان بۆ مەخوێنن. چۆن دەبێ لەو شوێن و كاتەی ئێوە دەستنیشانی دەكەن وەڵامیان بدەنەوە؟ ئەو كات و شوێنە گونجاوە كەیە؟ ئەمە لۆژیك نییە. دواتر بەر لە رووخان، چووینە واشنتن بەسەردانێكی رانەگەیێندراو، لەوێ گەیشتینە ئەو قەناعەتەی كە بڕیاردراوە رژێم بڕووخێندرێت. پێمانگوتن ئەگەر ئێوە رژدن، ئێمەش رژدین، دەمانەوێ ئەم رژێمە بڕووخێندرێت. دەمانەوێ دەرفەتێكی نوێ هەبێ بۆ ئەوەی عێراقێكی نوێ بنیات بنێین. هاووڵاتی هەست بە ئەرك و مافەكانی بكات. گوتیان ئێمە رژدین و لەڕاستیدا ئێمەش قەناعەتمان پێهات كە بڕیار هەیە بۆ رووخاندنی رژێم، جا لەگەڵ ئێمەبن یان بە تەنیا دەیكەن، گرنگ ئەوەیە بڕیار هەبوو. لەوانەیە كەسێكی دیكە نەوێرێ ئەو قسەیە بكات بەڵام من دەیكەم.
- بەر لە رووخانی رژێمی سەددام حوسێن، مەسعود بارزانی پێشنیازی سازكردنی كۆنگرەیەكی كرد بۆ هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق، بۆ تاوتوێكردنی داهاتووی عێراق دوای سەددام حوسێن. بارزانی دوای ئەم كۆنگرەیە هەستی بەوەكرد داهاتووی عێراق لەمەترسییەكی گەورەدایە.
بارزانی: گوتیان پێشنیازی ئێوە چییە؟ گوتمان پێشنیازی سازكردنی كۆنگرەیەك دەكەین بۆ تەواوی هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق و لەوێ رێكدەكەوین بۆ چۆنیەتی بنیاتنانی عێراقێكی نوێ. گوتیان ئەمە بیرۆكەیەكی باشە و بەوشێوەیە كۆنگرەی لەندەن لە دیسەمبەری 2002 سازكرا. لە كۆنگرەی لەندەن رێككەوتن كرا لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی داهاتووی عێراق و پڕكردنەوەی بۆشاییەكان و هەموو شت تاوتوێكرا. بەڵام لە رۆژی كۆتایی كۆنگرەدا، بۆنی تۆڵەسەندنەوەم كرد. لێرەدا گوتم، برایان وێڕای ئەوەی ئێستا كاتی نووسینی راگەیێندراوی كۆتاییە، بەڵام دەرفەتم پێبدەن برایان من قسەیەكم هەیە. هەمووشیان ماون و دەزانن. منیش گوتارەكەم پێشكێشكرد و پێمگوتن، ئەركی سەرشانی هەمووانە، دەستبەرداری ناكۆكییە لاوەكییەكانمان بین، بۆ ئەوەی ببینە موژدەدەر بۆ عێراقییەكان لە هێنانەكایەی دیموكراسی و فرەیی سیاسی و دادپەروەری و یەكسانی و بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی مەدەنی چاوەڕوانكراو. كەس باسی ئەم پرسەی نەكرد، بەڵام من كردم. گوتم لەوانەیە كەسێكی دیكە نەوێرێ ئەو قسەیە بكات ، بەڵام من دەیكەم. من كوردم، هەموو تەمەنم لە دژایەتیكردنی دیكتاتۆری و رژێم بەڕێكردووە. لە بنەماڵەیەكم 37 كەسم لەدەستداوە، لە برا و برازا و خوشكەزا و كەسوكارەكانم و هەشت هەزار كەس لە عەشیرەتەكەم و 180 هەزار كەس لە نەتەوەكەم . ئەگەر دوای ئەم قۆناخە بیر لە كوشتنی 37 كەس لە بنەماڵەی سەددام و هەشت هەزار كەس لە ناوچەی تكریت و 180 هەزار كەس لەو نەتەوەیەی سەددام بكەمەوە. ئێوە پێم بڵێن لەم وڵاتەدا چ دەمێنێتەوە، ئەگەر هەركەس بیر لە تۆڵەسەندنەوە بكاتەوە. بۆیە برایان باشترین شت ئەوەیە با رێككەوین لەسەر لیستێك هەزار دوو هەزار بێت یان زیاتر ئێوە دەزانن لەو تاوانبارانە دیاریبكرێن و بدرێنە دادگا و سزابدرێن. ئەوانیدیكە لێگەڕێن با خەڵك بژی و لاپەڕەیەكی نوێ بكەنەوە و سوود لە ئەزموونی كوردستان وەرگرن. ئێمە لاپەڕەیەكی نوێمان كردەوە، لەكاتێكدا ژمارەیەكی زۆر كورد جاشی سەددام بوون و شەڕیان لەدژی ئێمە دەكرد، بەڵام ئێمە لاپەڕەیەكی نوێمان كردەوە و ئێستا ئەوانیش هاووڵاتی باشن و ئەركی سەرشانی خۆیان لە هەرێمی كوردستان جێبەجێدەكەن و كێشەكە كۆتایی هات.
نیازی ئەوسای ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی تۆڵەسەندنەوە بوو؟
بارزانی: بەڵێ، بەڵێ، منیش گوتم لەوەی ئێستا دەیبینم، بەڕاستی ترسم لە داهاتووە، بەمشێوەیە ئێمە وڵات بنیات نانێین. بەهەر حاڵ بەشێكیان پشتیوان بوون و بەشێكی دیكەشیان ناڕازیبوون.
هەڵوێستت هەبوو لەبارەی ریشەكێشكردنی بەعس؟
بارزانی: من گوتم، لە دژی ریشەكێشكردنی بەعسم، بەشێوەیەكی رەها. ئەو تاوانبارانەی تاوانیان كردووە دەبێ بەشێوەیەكی دادپەروەرانە سزابدرێن. ئەوانیدیكە دژایەتیان مەكەن و نانبڕاویان مەكەن. من دژی نانبڕاوكردن بووم بۆ هەموو كەسێك. لەڕووی سیاسییەوە من كێشەم لە پرسی ریشەكێشكردنی بەعس نەبووە، بەڵام بۆ نانبڕاوكردنیان، من دژی ئەم بڕیارە بووم.
بە برێمەرم گوت ئەگەر كارت بە من بوو من لە هەولێرم
- پۆڵ برێمەر حاكمی سەربازیی ئەمریكی لە عێراق، دوای رووخانی سەددام حوسێن، لەسەر كورسی سەددام دانیشت. پەیوەندییەكانی لەگەڵ بارزانی دۆستانە نەبوون، بەتایبەتی دوای یەكەم دیداریان.
بارزانی: برێمەر كەسێكبوو زانیاری لەسەر ناوچەكە نەبوو. بەتەواوی بێئاگابوو لە دۆخی ناوچەكە. یەكەم هەڵەیان ئەوەبوو، كۆشكی سەرۆكایەتی كۆماری كردە بارەگای خۆیان. دەبوو كۆشكی سەرۆكایەتیی كۆمار بۆ هەر رێكخراوێك یان هەر دەزگایەكی ئەوكاتەبێت كە نوێنەرایەتی عێراق دەكات وەك ئەنجوومەنی حوكم. ئەوان بارەگایان لە كۆشكی سەرۆكایەتی كۆمار دانا. ئێمەش چووین لەگەڵی كۆبووینەوە و گوتی من نوێنەرایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دەكەم و من نوێنەرایەتی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكام. گوتیشی بڕیارێكی ئەنجوومەنی ئاسایش هەیە بەپێی ئەو بڕیارە ئەمە داگیركارییە و دەزانم وشەی داگیركاریش لای ئێوە سەختە كە لەگەڵی بژین، من نوێنەری شەرعیم و من بڕیاردەرم و هەموو دەسەڵاتێكم هەیە و بڕیارمداوە لیژنەیەكی راوێژكاری لە ئێوە پێكبێنم و بۆ ئەوەی راستگۆبم لەگەڵتان مەرج نییە هەموو بیر و بۆچوون و راوێژكتان وەربگرم و پەسند بكەم. زۆر تووند و رەق بوو. ئینجا هەریەكێك تەماشای ئەوەی دیكەی دەكرد.
- بەدەنگێكی بەرز قسەی كرد؟
بارزانی: بەڵێ. پێمگوت، من نوێنەرایەتی خۆم دەكەم و هەموو كەسێكیش لێرە نوێنەرایەتی خۆی دەكات. بەڕای من ئەو شێوازەی تۆ قسەی لێدەكەی سەركەوتووبی و خۆت تاقیبكەوە، بزانە چۆن دەوڵەت پێكدەهێنی و چۆن كارەكانت بەڕێوەدەبەی و دامەزراوەكانی دەوڵەت دروستدەكەیەوە، ئەمە پەیوەندی بەخۆتەوە هەیە. بەڵام بارەگای من لە هەولێرە و لە ژیانمدا بەوە رانەهاتووم ببمە راوێژكاری هیچ كەسێك. ئەگەر پێویستت بە من بوو و كارت بە من بوو، من لە هەولێرم.
ئەوانیدیكەش نوێنەرایەتی خۆیان دەكەن و نازانم بۆچوونیان چییە.
- وەڵامی چ بوو؟
بارزانی: لە راستیدا باش لەیادم نەماوە، بەڵام پێموابێ وەڵامی نەدامەوە.
- لەوانەیە چاوەڕێی ئەو وەڵامەی نەدەكردبێت؟
بارزانی: نەخێر. بەڵام دوای ئەوە بایكۆتی كردم. لەوانەیە دوو مانگ یان زیاتر پەیوەندی لەگەڵ من بڕی بەتەواوی. نەك تەنیا پەیوەندییەكانی لەگەڵم بڕی، بەڵكو لە چەند شتێكدا ویستی ئیستفزازیشم بكات. بەڵام لەڕاستیدا من بەرەو رووی وەستام و بەرپەرچم دایەوە و لێم قبوڵ نەكرد. دواتر هات و سەردانی كردم. سەردانەكانی چەندبارە كردەوە. وەك ئەوەی هیچ شتێك رووینەدابێت.
- مەسعود بارزانی دوای ماوەیەكی كەم شۆكبوو بەبینینی ناوی خۆی وەك بەربژێرێك بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی راگوزەری حوكم. ئەو ئەنجوومەنەی عەرەبەكان تێبینی زۆریان لەسەر هەبوو. ئەنجوومەنەكەیان بە ئەنجوومەنی پیلانگێڕی لەدژی عێراق ناساند و كە داگیركەر هێنابووی.
بارزانی: ناوی منیان لە لیستەكە دانابوو بەبێ ئەوەی ئاگاداربم. من رەتمكردەوە، لە راستیدا سەرەتا رەتمكردەوە، بەڵام دواتر بینیم چەند كەسایەتییەكی باش و رێزداری تێدایە منیش بۆ رێزگرتن لەوان، چونكە سەختبوو كە بزانن من رەتمكردووەتەوە ببمە ئەندامی ئەم ئەنجوومەنە و كاریگەری لەسەر ئەوان دەبوو كە لەوانەیە پێی بێشن و بەشێوەیەكی دیكە لێكدانەوەی بۆ بكەن. بمێنمەوە، بۆمن هەمیشە مایەی قبووڵكردن نییە لەم دۆخەدا بمێنمەوە. دەرەنجام، گوتم باشە رێزم هەیە بۆ ئێوە بۆیە قبووڵی دەكەم و با ناوم لەم ئەنجوومەنە هەبێت. نۆرەی سەرۆكایەتی من بۆ ئەنجوومەنەكە لە مانگی نیسان دەستیپێكرد. منیش چووم، مەبەستم ئەوەبوو دوو سێ رۆژ بمێنمەوە و دواتر بگەڕێمەوە و نۆرەی كێ دەبێ دوای من با ئەو، وەریبگرێت. ئەو شەوەی من گەیشتمە ئەوێ، رووداوەكانی فەلووجە سەریانهەڵدا. دۆخێكی زۆر هەستیار بوو، نەمزانی چ بكەم، دۆست و هاوڕێمن واز لە ئەنجوومەنەكە بێنم لەم دۆخە و بەغدا بەجێبێڵم لەوانەیە بیر لە شتێكی دیكە بكەنەوە. بۆیە تاوەكو كۆتایی مانگ لەوێ ماومەوە.
- ئەو سەختییانە چ بوون لە ئەنجوومەنی حوكم رووبەڕوویان بوویەوە؟
بارزانی: سكرتێری ئەنجوومەنم بانگ كرد، پرسیارم لێكرد و گوتم، سرووشتی كاركردن لێرە چییە و چۆنە بۆم باس بكە، من لە چیا و شاخەكانەوە هاتووم و شارەزاییم لەم جۆرە كارانە نییە چۆن كارەكانتان بەڕێدەكەن. گوتی، لێرە بڕیارەكان دەدرێن و دەبردرێنە لای برێمەر، ئەویش یان تانەی لێدەدات یاخود پەسندی دەكات. گوتم، باشە تائێستا چەند بڕیار دراوەو برێمەر تانەی لە چەندیان داوە و چەندیشی پەسند كردوون؟ گوتی، ئەوەی راستی بێت، ئەنجوومەن تائێستا 113 بڕیاری دەركردووە و برێمەریش تانەی لەسەر 97 بڕیارداوە. منیش بە برێمەرم گوت، من تەنیا شتێكت پێدەڵێم، سوێند بەخوا واژۆ لەسەر هەر بڕیارێك بكەم و تۆش رەتیبكەیەوە، یەك خولەك لێرە نامێنمەوە. بۆیە لە ئێستاوە پێمبڵێ وەك ئەوانیدیكە مامەڵەم لەگەڵ دەكەی یان بەهیچ شێوەیەك رێگەنادەم هیچ بڕیارێكم پێبدەن بۆ واژۆكردن و دواییش تۆ رەتیبكەیەوە. بەڵێنی پێدام و هیچ بڕیارێكی منی رەتنەكردەوە. ئەمە كارەكانی ئەنجوومەنی حوكم بوو، ئەگەر بەراورد بە دۆخی دوای ئەنجوومەنی حوكم بكەیت، ئەنجوومەنی حوكم زۆر زۆر باشتر بوو.
-ئەنجوومەنەكە دامەزرێنەری دۆخێكی تایفی و كێشەدار نەبووە لە عێراق؟
بارزانی: نەخێر ئەنجوومەنی حوكم وانەبوو. ئەندامان رێزیان لەیەكدی دەگرت و راوێژ هەبوو، بڕیاری دەستەجەمعی هەبوو، بەڵام دەسەڵاتیان نەبوو. تەواوی دەسەڵاتەكان لای برێمەر بوون. بەڵام ئەنجوومەنەكە گونجاوبوو لەنێوخۆدا و هەستیان بە بەرپرسیارێتی دەكرد و بەرپرسانە رەفتاریان دەكرد.
وڵاتە عەرەبییەكان چۆن مامەڵەیان لەگەڵ ئەنجوومەنەكە دەكرد، ئەوكات پەیوەندییان لەگەڵ ئێوە هەبوو؟
بارزانی: ئەوان خۆیان دەپاراست.
-كام وڵات زۆر خۆی دەپاراست ؟
بارزانی: پێموایە هەمووان. ئێرانییەكان یەكەم كەس بوون هاتن و پیرۆزباییان لە ئەنجوومەنەكە كرد. وڵاتە ئەوروپییەكانیش، بەشێك لە وڵاتە ئەوروپییەكان نەك هەموویان تەنیا بەشێكیان. بەڵام هەموو وڵاتە عەرەبییەكان خۆیان دەپاراست. بناخەیەكی پتەومان بۆ سەربەخۆیی دانا
- ساڵی 2017 كورد بڕیاریاندا گشتپرسی ئەنجامبدەن بۆ مافی چارەی خۆنووسین و وەرگرتنی سەربەخۆیی لە عێراق . ئەو گشتپرسییە وایكرد توركیا و ئیران و بەغدا سنوورەكانیان دابخەن بەڕووی هەرێمدا و هەڕەشەی تووندیان كردن. هەندێك پێیانوابوو كوردستان رۆژێك دوای گشتپرسی سەربەخۆیی رادەگەیێنێت، ئەمە پلانی ئێوەبوو؟
بارزانی: لە راستیدا پێش و لەكاتی گشتپرسیدا نەمانگوتووە رۆژی دووەم سەربەخۆیی رادەگەیێنین.
گوتمان ئەمە دەرفەتێكە بۆ گەلی كوردستان گوزارشت لە بۆچوونی خۆی بكات و بچێتە دانوستاندنەوە لەگەڵ بەغدا و دەبێ بگەینە ئەنجام لە رێگەی دیالۆگ و بەشێوەیەكی ئاشتیانە. ئەمە ئامانجەكە بوو.
- ئایا مەسعوود بارزانی ترسی ئەوەی هەبوو نەوەی نوێی كورد وەك نەوەی پێشووی پابەند نەبێت بە دۆزی كوردییەوە؟
بارزانی: بەلای منەوە، سەركەوتنە گەورەكە، بەدەستهێنانی ئەو رێژە گەورەیە بوو كە بۆ بەرژەوەندی گشتپرسی دەنگی بەدەستهێنا. لە راستیدا من چاوەڕێم نەدەكرد 93%ی رۆڵەكانی گەلی كوردستان بە بەڵێ دەنگبدەن. بەلای منەوە ئەمە گەورەترین سەركەوتن بوو.
-لەبارەی هەڵوێستە نێودەوڵەتییەكان چۆن بوو، بەشێوەیەكی گشتیی دیارترین ئەو وڵاتانەی پشتیوانیان لەو گشتپرسییە دەكرد كامانەبوون؟
بارزانی: زۆر لەو وڵاتانەی بەر لە ئەنجامدانی گشتپرسی بەڵێنیان پێداین و بەشێكیان بەشێوەیەك هەڵوێستیان دەربڕی بەوەی ئەگەر پشتیوانیشی نەكەن، بەڵام دژایەتی ناكەن. بەڵام پەشیمانبوونەوە لە بەڵینەكانیان.
- كام وڵات؟
بارزانی: دەتوانم بڵێم هەمووان، بەبێ جیاوازی.
- هەموویان؟
بارزانی: بەڵێ، بەبێ جیاوازی. بەڵام بەڕێژەی جیاواز.
- توركیا و ئێران؟
بارزانی: توركیا و ئێران ئاڵای دووژمندارێتی تەواویان بەرزكردەوە.
- پرسیارەكەم ئەوەیە توركیا ئێران بەغدا سووریا و هەموو دەوروبەر؟
بارزانی: هەموو دەوروبەر .
- هەموو دەوروبەر لەسەر هەموو شتێك ناكۆكن جگە لە دژایەتیكردنی بابەتی سەربەخۆی كوردستان؟
بارزانی: بەڵێ، ئێمە ئەوەمان بینی.
- پێتوایە رۆژێك لە رۆژان دەبینی ئەم خەونەت بەدیبێت؟
بارزانی: گرنگ ئەوەیە بناخەیەكی پتەومان ، من ناڵێم بۆ ئەو خەونە، دەڵێم بۆ ئەم مافە دانا . ئەگەر منیش نەیبینم، گرنگ ئەوەیە نەوەی دوای من و نەوەی دواتر بیبینن.
- ئەمڕۆ تۆ لە گەلی كورد دڵنیایت؟
بارزانی: بەڵێ من دڵنیام. دڵنیام چونكە گەلی كورد سەلماندی كە چوكنادات بەهیچ شێوەیەك، بەهیچ شێوەیەك سەر بۆ ستەم دانانوێنێت.
- بەغدادی چووە سەر سەكۆی موسڵ و ئەو دەوڵەتەی راگەیاند كە ناوی لێنا دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام. ئەمجارە جەنگ بۆ كورد هات لە نەوەیەك كە وەك نەوەی پێشوو لەسەر جەنگ رانەهاتبوو. كورد بە گەنج و ژنەوە چوونە بەرەكانی جەنگ .
بارزانی: راستە، داعش دیاردەیەكی سەیر و نامۆ بوو. پێشتر تیرۆر هەبوو، بەڵام شاراوە و لەژێر زەویدابوو. كردەوەكانیان سنووردار بوون، بۆ نموونە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو، خۆتەقاندنەوەی كەسێكی خۆكوژ لە شوێنێكی دیاریكراو، بەڵام داعش لە 24 كاژێردا، رۆژێك هەڵساین خۆمان لە بەرامبەر بەرەیەكدا بینی بەدرێژایی هەزار و 50 كیلۆمەتر و لە بەرامبەرماندا سوپایەكی تەواو رێكخراو و ئامادە هەن بە ناوی داعش. دەستیان بەسەر هەزار و 700 تانك و زریپۆشی گوللەنەبڕی سوپای عێراقدا گرت و چەكی وێرانكەری لە سوپای عێراق كەوتە دەست، بەهەمان شێوە چەكی لە سووریاش دەستكەوتبوو. دەستیان بە هێرشێكی گەورە كرد، ئێمەش هیچ توانایەكمان نەبوو، چونكە بەداخەوە حكومەتی بەغدا رێگربوو لە گەیشتنی چەك بۆ پێشمەرگە، لەكاتێكدا لە دەستووردا هاتووە كە پێشمەرگە مافی هەیە بەشی لەو چەكەدا هەبێت كە بۆ سوپای عێراق دێت. ئەمریكییەكانیش گوشاریان نەدەخستە سەر بەغدا. واتە بەغدا و ئەمریكا هەردووكیان دەستبەرداری پابەندییەكانیان بوون بەرامبەر پێشمەرگە. لە چەند رۆژی یەكەمدا پێشمەرگە و هاووڵاتیان رووبەڕووی ئەو هێرشە گەورە و دڕندانەیە بوونەوە، بە سینگ و باوەڕی خۆیان .
- تێكشكانی سوپای عێراق لە موسڵ شكستێكی ئاسایی بوو، یان شتێكی لەپشتەوەبوو؟
بارزانی: دەزانی، سوپای عێراق لەسەر بنەمای دڵسۆزی بۆ نیشتمان دانەمەزرێندراوە. دڵسۆزی بۆ كەسێك، دڵسۆزییەكی ساختەیە و راستەقینە نییە. تەنانەت ئەگەر بۆ كەسێكیش بێت هەڵەیە. ئێمە زانیاریمان هەبوو، بەوەی ژمارەیەك گرووپ دزە دەكەنە رۆژئاوای مووسڵ. ئەوكات نزیكەی ساڵێك بوو تەواوی سوپای عێراق سەرقاڵی ناوچەی روومادی ئەنبار ببوون. داعش بەشێوەیەكی مەترسیدار توانا و هێزی سوپای عێراقیان لەنێوبرد لە ناوچەی روومادی. لە موسڵیش دەستیانكرد بە چوونە نێو ناوچەی حەزەر كە دەكەوێتە باشووری رۆژئاوای مووسڵ، لەوێ خۆیان پەنادەدا. ئێمە زانیاریمان لەوبارەوە هەبوو.
- ئێوە چاودێری جموجۆڵەكانتان دەكرد؟
بارزانی: بەڵێ. پێشنیازمان بۆ بەغدا كرد دەست بە ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەش بكەین بۆ ئەوەی لەو ناوچەیە دەریانبكەین، بەڵام بەغدا بایەخی بەو بابەتە نەدا بەهیچ شێوەیەك. دواتر هێرشەكانی خۆیان پێشخست و دەستیان بە تەشەنەكردن كرد. خۆشیان و شانە نوستوویان هەبوون و ئەوانیدیكەش هاوكاریان بوون، چونكە ئەو هێزانەی (سوپا) كە هێنرابوونە مووسڵ، هێزی تایفی بوون و رەفتاری زۆر خراپیان لەناو شارەكەدا دەكرد. تەنانەت لە سەرەتادا خەڵكی موسڵ پێیانوابوو داعش رزگاری ئەوانە.
- بە بەزەییتربن لە سوپای عێراق؟
بارزانی: بەڵێ بەڵێ، ئەمە كارەسات بوو. بەغدا فەرماندەی هێزەكانی پیادە و یاریدەدەری سوپاسالاری ناردە موسڵ بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە. داعش درێژەپێدەری قاعیدە بوو، بەڵام بە شێوازێكی پێشكەوتووتری قاعیدە. ئەوان گیراویان لە گرتووخانەی بادۆش هەبوون. بەپێی زانیارییەكانمان، ئامانجی داعشەكان رزگاركردنی بەندكراوەكانیان بوون لە گرتووخانەی بادۆش.
سەربازگەیەك هەیە لە مووسڵ بەناوی سەربازگەی غزلانی، سەربازگەیەكی كۆنە. ئەم سەربازگەیە بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكان بوو كە فیرقەی دوو و یەكە سەربازییەكانی دیكەی لەخۆدەگرت و، جێگری سوپاسالار و فەرماندەی هێزەكانی پیادە لەوێبوون. داعش ویستی بە هێرشێك بۆ سەر ئەم سەربازگەیە ویستیان ئەو سەربازگەیە سەرقاڵ بكەن، لەپێناو رزگاركردنی گیراوەكانی لە بادۆش. ئەسڵەن داعش خۆی وای دانەنابوو كە بەمشێوە ئاسانە موسڵ داگیربكات. هێرشەكەیان بۆ سەر بادۆش بوو. پێدەچێ ژمارەیەك پاسەوانیش هاوكاریان بوون. سەربازگەكەیان هاوانباران كرد. بەم هاوەنبارانكردنە، جێگری سوپاسالار و فەرماندەی هێزەكانی پیادە و فەرماندەی فیرقە و هێزەكانی دیكە هەموویان هەڵاتن و سەربازگەكەیان بەجێهێشت. هەواڵەكە لەم شارە زۆر بەخێرایی بڵاوبووەوە كە جێگری سوپاسالار و فەرماندەی هێزەكانی پیادە و فەرماندەكانی دیكە هەڵاتوون و هەرەسهێنانی هێزەكان روویدا و هەروەك ئاگر لە پووش و پەڵاش بەرببێت، یەكسەر شانە نوستووەكان دەستیان بەجموجۆڵكرد. داعش بۆ كۆنترۆڵی گرتووخانەی بادۆش چوو بوو، كەچی موسڵی كەوت، كە موسڵ كەوت بادۆش چییە هەرخۆی دەكەوێت. ئیدی موسڵ بەمشێوەیە كەوتە ژێردەستی تیرۆریستان. ئەگینا داعش خۆی چاوەڕێی نەدەكرد بەمشێوە ئاسانە مووسڵ داگیر بكات.
- دەگوترێ، مالیكی مووسڵی رادەستكردووە؟
بارزانی: نەخێر رادەستی نەكرد. بەڵام مالیكی پێیوابوو سوپاكە دڵسۆزییەكی تەواویان بۆ خودی ئەو هەیە و تاوەكو كۆتایی لە دژی داعش دەجەنگن، بەڵام هێزەكان جلە سەربازییەكانیان و چەكەكانیان فڕێدا و هەڵاتن. روویانكردە لای پێشمەرگە، زۆربەیان هاتنە لای پێشمەرگە.
قارەمانی ئەوتۆ لەو نەوەیدا دەركەوتن بەڕاستی جێگەی شانازین
- بینیمان مەسعود بارزانی گەڕایەوە مەیدان، بەڵام لە تەمەنێكی جیاواز و لە دۆخێكی جیاوازتردا لە دۆزی كورد و دەستیكرد بەشەڕكردن. چ شتێك وایكرد بچییە بەرەكانی جەنگ؟
بارزانی: هەستم بە مەترسیی دۆخەكە كرد. لە راستیدا ئەو دڕندەییەی لە داعش بینیمان، تەنانەت لە كتێبەكانیش نەمانخوێندووەتەوە. سەربڕین، كوشتن، ئەتككردنی نامووس، دەستیان لە هیچ جۆرە تاوانێك نەدەپاراست. بۆیە گەلەكەمان لە بەرامبەر چارەنووسێكی رەشدابوو. ئەمەش ناچاری كردین بچینە بەرەكانی جەنگ و ئەركەكەمان بەجێبگەیێنین.
- زۆربەی فەرماندەكانی دەوروبەری بارزانی پێیاندەگوت كە نابێ لە بەرەكانی جەنگ بیت، چونكە پێكدادانەكان زۆر نزیكبوون؟
بارزانی: رۆژانی یەكەم و هەفتەكانی یەكەم ئەوەیان پێویست دەكرد، چونكە دۆخەكە زۆر مەترسیدار بوو و لە زۆر شوێن شكست روویدابوو. چونكە ئەزموونێكی نوێ بوو. بۆ نموونە ئەوان هەزار و 700 زریپۆشی گوللەنەبڕیان گرتبوون. تەنانەت گوللـەی ئەو كلاشینكۆف و بیكەیسییەی هەمانبوو، ئۆتۆمبێلەكانی ئەوانی نەدەبڕی و ئەوانیش بەكۆمەڵ بەم ئۆتۆمبێلە زریپۆشانە دەهاتن و دەگەیشتنە بارەگاكانی پێشمەرگە و بەتەواوی لەنێویان دەبردن. لە چەند رۆژی یەكەمدا نیمچە هەرسێك روویدا لە چەند رۆژی یەكەمدا لە چەند بەرەو میحوەرێك. منیش ناچار بووم بچمە ئەوێ بۆ بەرزكردنەوەی ورەیان.
- ئەو نەوە نوێیەی كورد كە لە دۆخی زۆر جیاواز ژیاون، تەواو جیاواز لە دۆخی نەوەی پێشوویان. مەترسی ئەوەت هەبوو كە ئەو نەوەیەی كورد بەوشێوەیە نەبێت؟
بارزانی: لە راستیدا دەترسام. چونكە بەشێكی نەوەی پێشوو شەهید بوون و بەشێكی دیكەیان بەساڵاداچوون و توانایان نەماوە ئەركەكانیان بەجێبگەیێنن، ئەو نەوە نوێیەش ئەزموونیان نەبوو.
بەڵام دوای هەفتەیەك دوو هەفتە، قارەمانی ئەوتۆیان تێدا هەڵكەوتن كە مرۆڤ شانازییان پێوەدەكات. لە راستیدا مایەی شانازین. قارەمانن قارەمانن. لە دوو هەفتەی یەكەمدا بەرپەرچی هێرشەكانمان دانەوە و لە هەفتەی سێیەمدا، بەرەكانمان تووندوتۆڵكردن و و پێگەكانمان بەهێزكردن. هەفتەی چوارەم هێرشی پێچەوانەمان دەستپێكرد.
فەرماندەی یەكێك لە یەكە تایبەتەكان دەستی بەهێرشكردن كرد، لە بەرامبەردا داعش ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوی نارد، فەرماندەكە بینی هیچ بەربەستێك نییە ئەو ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژكراوە رابگرێت، یەكسەر ئۆتۆمبێلەكەی خۆی برد و چوو لەبەردەم ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێركراوەكەدا وەستا و بەوشێوەیە خۆی شەهید بوو، گیانی خۆی كردە قوربانی، بەڵام نەیهێشت داعش بگاتە هێزەكانی.
هەرگیز هەڵوێستی سەرۆكی فەرەنسا لەبیر ناكەم
- لەو ماوەیەدا ئەمریكا پشتیوانی گەورەی كورد بوو یان كەمتەرخەم بوو؟
بارزانی: پێشتر ئەمریكییەكان هیچ شتێكیان پێنەداین. گوشاریشیان نەخستە سەر بەغدا بۆ بەجێگەیاندنی پابەندییەكانی. بەڵام دوای دەستپێكردنی هێرشی داعش، دوای سێ چوار رۆژ، دەستیانكرد بەپشتیوانی ئاسمانی. پشتیوانییەكی ئاسمانی زۆر نایابیان پێشكێشكردین. دواتریش بووە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هەموویان پەیوەندییان پێدەكردم لە فەرماندە ئەمریكییەكان، سەرۆكی فەرەنسا. هەرگیز هەڵوێستی سەرۆكی فەرەنسا لەیاد ناكەم، كە رۆژی 12ی ئەیلوول سەردانی هەولێری كرد، لەوكاتدا هێشتا مەترسی لەسەر هەولێر هەبوو. هەولێر لەنێو ئامانجی تۆپخانە و مووشەكەكانی داعشدا بوو و لە دەوروبەری هەولێر بوون. ئەو هات و لە هەولێر نیشتەوە. ئەڵمانیا مووشەكی میلانیان پێداین لە دژی زریپۆشەكان كە ئەمەش هاوكێشەكەی گۆڕی. بەریتانییەكان و وڵاتانی ئەوروپی دەستیان بەهاوكاریكرد و بووە هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی. سعوودیە، ئیمارات، ئوردن هەموویان دەستپێشخەریان هەبوو. سولەیمانی دوو فڕۆكەی پڕ زەخیرەی بۆ ناردین.
- ئەوكات ئێران چ رۆڵێكی هەبوو؟
بارزانی: لە چەند رۆژی یەكەمدا چەكی دژ تانكیان پێداین. پرسیاریان كرد چیتان بۆ بكەین؟ قاسم سولەیمانی پەیوەندی پێكردم و پرسیاریكرد چیتان بۆ بكەین، پێویستیتان بە چییە؟ منیش پێمگوت، ئەگەر پێتان بكرێت چەكی دژە زریپۆش و گوللـەنەبڕەكانە لە ئاربیجی و دۆشكە و هاوشێوەكانی بنێرن بۆمان. بۆ بەرەبەیان دوو فڕۆكەی پڕ لە گوللە و زەخیرەیان بۆ ناردین.
- دڵنیام جەنابی سەرۆك گوێت لە قسەكانی حەسەن نەسڕوڵڵا بووە بەشێوەیەكی تانەلێدەرانە قسەی كرد لەبارەی پشتیوانی ئێران. تۆ هیچ قسەیەكت نەكرد. بەڵام دەمەوێ لەم بەرنامەیەدا قسەمان بۆ بكەی؟
بارزانی: برا عەرەبەكان پێش كورد و كوردیش وەڵامیان دایەوە. لەڕاستیدا شانۆیەكی سەرنەكەوتووبوو و چیرۆكێكی هەڵبەستراو بوو.
-ئەی چی وایكرد ئەم قسانە بكات؟
بارزانی: بەخوا نازانم. لە راستیدا شتێكی سەیر بوو، بەڵام تەمسیەلییەكی فاشیل بوو.
-دوای ئەوە پەیوەندییان پێوەكردن؟
بارزانی: بەڵێ پەیوەندی دروستبوو.
- بۆ داوای لێبووردن بوو یان چی؟
بارزانی: با واز لەم بابەتە بێنین.
شا عەبدوڵڵا پێیگوتم پەیوەندییەكەمان دەگەڕێتەوە بۆ كاتی شا عەبدولعەزیز
- پێشوازییەكی زۆر گەورە لەلایەن ریازەوە لە بارزانی كرا.
بارزانی : تائێستا چوار پێنج جار سەردانی سعودیەم كردووە. چوومە دیداری شا فەهەد و شا عەبدوڵڵا و شا سەلمان. شا عەبدوڵڵا چیرۆكێكی بۆ گێڕامەوە لەوكاتەی ئاماژەم بە پەیوەندییەكانی نێوانمان دەكرد، ئاگاداری ئەم بەسەرهاتە نەبووم كە پەیوەندی نێوان بارزانی و شا فەیسەڵ هەبووە و یارمەتیشی داوە. پێیگوتم، نەخێر پەیوەندییەكە لەمەش دێرینترە، پەیوەندییەكە لەگەڵ شا عەبدولعەزیز بووە. ئەوەم لە شا عەبدوڵڵا گوێ لێبوو، ئەمەش بۆمن شتێكی نوێ و گرنگبوو.
- شا فەهەد و شا عەبدوڵڵا و شا سەلمانت بینیوە، ئایا جیاوازیان هەبووە لە هەڵوێست بەرامبەر دۆزی كورد؟
بارزانی: لە راستیدا هەموویان خاوەن هەڵوێستی جوامێرانە بوون، هەڵوێستی مرۆییانە هەبووە. دوایین سەردانیشم لە كە بۆ بینینی شا سەلمان بوو، جوامێرییەكەی زۆر روون بوو. من سوپاسگوزاری سعودیەم بە سەركردایەتی و گەلەوە.
رووداو
