زانیاری له‌باره‌ى تووشبوانی په‌تاى كۆرۆنا له هه‌ولێر ده‌خرێته ڕوو
د. بژار مووسا، گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ته‌ندروستی هه‌ولێر ڕاى گه‌یاند: "دوێنێ هه‌ینى 10/4/2020، حاڵه‌تێكی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌مان هه‌بوو، كه تووشى په‌تاى كۆرۆنا ببوو، ئێستا چاك بووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش له چوارچێوه‌ی چاك بوونه‌وه‌ی 11 كه‌سه‌كه‌ى دوێنێ بووه، به‌پێی ئه‌و لێكدانه‌وانه‌ی هه‌یه كۆنترۆڵكردنی ئه‌م په‌تایه له قۆناغی باش دایه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی پابه‌ندبوونی هاووڵاتییان".
گوتیشی: " كۆی گشتیی تووشبوانیش له هه‌ولێر 168 كه‌س بوو، ئێستا 128 تووشبووى كۆرۆنا له هه‌ولێر له نه‌خۆشخانه‌كاندا ماونه‌ته‌وه و باری ته‌ندروستییان جێگیره، 40 كه‌سیش چاك بوونه‌ته‌وه".
گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ته‌ندروستی هه‌ولێر ئه‌وه‌شى خسته ڕوو: "ئه‌م په‌تایه وایه ده‌كرێت له چه‌ند ڕۆژێك حاڵه‌تی زۆر تۆمار بكرێت، ڕۆژی دواتر تۆمار نه‌كرێت، به‌م قۆناغانه تێپه‌ڕین له سه‌ره‌تا چه‌ند حاڵه‌تێكمان هه‌بووه، دواتر زۆر بووه و ئێستاش كه‌م بووه، بۆیه ده‌كرێت بڵێین له قۆناغی باشداین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاووڵاتییان پابه‌ندى ڕێنوێنییه‌كان نه‌بن، دوور نییه حاڵه‌تى زۆرتر تۆمار بكرێت".
باس‌نیوز
