پاش پەیامەکەی سەرۆک بارزانی وەزیری ناوخۆی عێراق فەرمانێکی دەرکرد

 پاش پەیامەکەی سەرۆک بارزانی وەزیری ناوخۆی عێراق فەرمانێکی دەرکرد


پاش پەیامەکەی سەرۆک بارزانی لەبارەی دەستدرێژیکردنە سەر ژنە کەمئەندامەکەی پردێ، وەزیری ناوخۆی عێراق فەرمانی کرد لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەدا بکرێت.

دوێنێ هەینی ١٠ی نیسانی ٢٠٢٠، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا باسی لەوە کرد کە چەند رۆژێکە لە راگەیاندنەکانەوە هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە ژمارەیەك كەسی سەر بە هێزەكانی حەشد و پۆلیسی عێراقی لە نزیكە بازگەی پردێ، دەستدرێژییان كردووەتە سەر ژنێكی كورد كە خاوەن پێداویستیی تایبەتە و لە خێزانێكی زۆر هەژار و بێدەستەڵاتی سنووری پارێزگای كەركووكە.

سەرۆک بارزانی داوا لە حكوومەتی فیدرال و حكوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بە هاوبەشی لێكۆلینەوەی تەواو لەم تاوانە قێزەوەنە بكەن و ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بێنە سزادان.

جەختیشی کردەوە کە ئەمە تاوان و ستەمێكی زۆر گەورەیە كە لە هاووڵاتییەكی بێپەنای كورد لەژێر سایەی ئیدارە و واقعی سەربازیی سەپێندراوی كەركووك كراوە كە هەر لە سەرەتاوە هەتا ئێستا ئەم دەستەڵاتە لەسەر ئەوە ڕاهاتووە لەڕێگەی جۆراوجۆرەوە دژایەتیی هاووڵاتیانی كوردی كەركووك و مافەكانیان بكات. دووپاتیشی کردەوە: “با هیچ كەس و لایەنێك وا بیر نەكاتەوە كە تاوانی لەمجۆرە بەسەریاندا تێدەپەڕێ یان چاوپۆشییان لێ دەكرێ، ئەم دەستدرێژییە شكاندنی كەرامەتی هاووڵاتییانی نەك تەنیا كەركووك بەڵكو هەموو كوردە و، ئەنجامدەرانی ئەم بێویژدانییە دەبێ بە توندترین شێوە سزا بدرێن”.

ئەمڕۆ شەممە ١١ی نیسانی ٢٠٢٠، میدیاکانی عێراق بڵاویان کردەوە کە پاش پەیامەکەی سەرۆک بارزانی، هەر دوێنێ، نووسینگەی وەزیری ناوخۆی عێراق لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرای کردووە، وەزیری ناوخۆ لێژنەیەکی پێکهێناوە و فەرمانی داوە لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا لێکۆڵینەوەی تەواو لە ڕووداوی دەستدرێژیکردنە سەر ئافرەتەکەی پردێ بکەن.

هەر لە دوای پەیامەکەی سەرۆک بارزانی، دوێنێ هەینی، لێژنەی ئافرەت و خێزان و منداڵ لە پەرلەمانی عێراق راگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و بە توندی ئەو تاوانەی سەرزەنشت کرد کە لە لایەن چەند چەکدارێکەوە لە پردێ دژی ژنێکی کەمئەندام کراوە.






باسنیوز
Top