بەڕێوەبەرى بەنداوەکانى هەرێمی کوردستان: ئاستى ئاوى بەنداوەکان جێى دڵخۆشییە و زۆرینەیان پڕ ئاو بوونە
ئەندازیار ئەکرەم ساڵح بەڕێوەبەرى گشتى بەنداوەکانى هەرێمى کوردستان راگەیاند: "زۆرینەى بەنداوەکان و ئەستێڵک و چۆمەکان بەهۆى بارانبارینى ئەمساڵەوە پڕبوونە لە ئاو، هەرچەندە رێژە باران بارینى ئەمساڵ وەکو پارساڵ نییە، چونکە ساڵى رابردوو لەهەندێک شوێن تا ئەو رێکەوتە زیاتر لە هەزار ملیم باران باری بوو، بێڵ ماوسى دوکان و دەربەندیخان کارى دەکرد کە لەماوەى 31 ساڵى رابردوو ئەو باران بارینە وێنەى نەبوو".
راشیگەیاند: " هەرێمى کوردستان خاوەنى 17 بەنداوە کە سێیان بەنداوى گەورە و چواردەشیان بەنداوى بچوک و مام ناوەندن، خۆشبەختانە ئەمساڵ زۆربەى بەنداوە بچووکەکان پڕبوونە لە ئاو، بەنداوە گەورەکانیش زیاترن لە نیوە، بەجۆرێک دووکان 4 ملیار و چوارسەد و سى ملیۆن مەتر چوارگۆشە ئاوى تێدایە کە دەکاتە زیارتر 60%، دەربەندیخانیش ملیارێک و نیو مەتر چوارگۆشە ئاوى تێدایە".
ئەوەشى خستەڕوو" ئاوى ئەم بەنداوانە لە زۆر بوار سوودى لێ دەبیندرێت لەوانەش کارپێکردنى وێستگەى کارەبا و بەکارهێنانى لە بوارى کشتوکاڵ و بەخێوکردنى ماسى،ئەمە جگەلە بوژاندنەوەى کەرتى گەشتوگوزار".
ئاماژەى بەئەوەش کرد" سێ بەنداوى دیکەش لەلایەن حکوومەتى هەرێمی کوردستانەوە لەژێر جێبەجێکردندان، بەڵام کارکردن تێیاندا وەستاوە بەهۆى پەتاى کۆڕۆناوە، جگە لەمانەش بڕیارە حکوومەتى ناوەندى چەند بەنداوێکى گەورە و مام ناوەند لە کوردستان جێبە دروستبکات، کە سودێکى گەورەى بۆ ژێرخانى ئابووریى هەرێمی کوردستان دەبێت".
باسنیوز
