زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی کوردستان بڕیارەکانی خوێندنی باڵا پەسند دەکەن

زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی کوردستان بڕیارەکانی خوێندنی باڵا پەسند دەکەن
لەمیانی کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سەرۆکی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان پشتیوانییان لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا کرد بۆ پاراستنی پرۆسەی خوێندنی 2019/2020؛ لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان سیستەمی ئۆنلاینی پەسند نییە و دەڵێ "نامومکینە سەرکەوتووبێت".

د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک و راگری زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان، کە بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، رایگەیاند "هاوشانى یەکتر و بە هەستکردن بە لێپرسراوێتیمان بەرامبەر خەڵکى کوردستان و بارودۆخەکە، قوتابیان و خوێندکارانی ئازیز و کەسوکاری بەڕێزیان دڵنیادەکەینەوە کە خوێندنی ئەمساڵ بەفیڕۆ ناچێت و زانکۆ حکومى و تایبەتەکان یەک دەنگ و یەک هەڵوێستن بۆ سەرخستنی پرۆسەى خوێندن".

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی نیسانی 2020 بەڕێوەچوو، هەریەک لە بریکارى وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، راوێژکارى وەزیر، بەڕێوەبەرى گشتیى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون و بەڕێوەبەرى خوێندنى تایبەت لە وەزارەت بەشدارییان کرد.

لەلایەکی دیکەوە، لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە چۆنێتیی درێژەدان بە خوێندن و تاقیکردنەوە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، چەند بژاردەیەکی خستووەتەڕوو و لەبارەی خوێندنی ئۆنلاینەوە دەڵێ "ناکرێ و نامومکینە سەرکەوتووبێت".

دەقی بژاردەکانی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان بەم شێوەیەی خوارەوەن:

بژاردەی یەکەم:
سیستەمی ئۆنلاین کە ئەمە لای ئێمە پەسند نییە و رەتیدەکەینەوە، چونکە ناکرێ و نامومکینە سەرکەوتووبێت لەبەر چەند ھۆکارێک، لەوانە:
- خراپیی ئینتەرنێت لە کوردستان، لە ناوچە دوورەدەست و شاخاوییەکان ھەر بوونی نییە.
- نەبوونی کارەبای بەردەوام.
- نەبوونی ئەو ژێرخانە لە زانکۆ و پەیمانگەکانی ھەرێم.
- نەبوونی کۆمپیوتەر و سمارتفۆن لە ھەموو ماڵێک و لای ھەموو قوتابییان و خوێندکاران و ئەو ئیمکانیەتەش نییە تاوەکو بتوانن لەم بارودۆخەدا فەراھمی بکەن.
- خراپیی باری دەروونی و سایکۆلۆجیی قوتابیان و مامۆستایان بەھۆی ئەو پەتایەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆڤید-19.
- لێنەزانین و نەبوونی ئەزموون، پێشتر ئامادەکاری بۆ نەکراوە لە ھەرێمی کوردستان لە چەند زانکۆیەک نەبێت کە تایبەتمەندیی خۆیان ھەیە، بۆیە ئێستا ئەستەمە پەیڕەوکردنی.
سەرەڕای ئەوەش لەپێشتردا حکومەتی ھەرێم و خودی وەزارەتی مەعنی دانی بە خوێندنی ئۆنلاین نەدەکرد، بۆیە ئێستا لە شەو و رۆژێکدا ناتوانین ھەموو مامۆستا و قوتابیان بەرھەڤ بکەین بۆ ئەم سیستەمە کە پێمان وایە زۆربەیان ئامادەیی ئەوەیان نابێت.

بژاردەی دووەم:
گریمان لە سەرەتاکانی مانگی پێنج ئەم پەتایەی کە ھەموو جیھانی گیرۆدەی خۆی کردووە بەرۆکمان بەردات و بتوانین ھۆڵەکانی خوێندن بەڕووی قوتابیاندا بکەینەوە، ئەوا دەکرێت لە مانگی پێنج و شەش قەرەبووی ئەو کاتە بکەینەوە کە بەھۆی ئەم پەتایەوە لەدەستمان چووە، و بەردەوامی بەخوێندن بدرێت، کە پێمان وایە ئەمە باشترین ھەڵبژارەدیە تاوەکو بۆمان بکرێت، ئەم ھانگاوە باشترینیانە ھەم ھەموویان دەتوانن پابەندبن و سودمەندبن، ھەم کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر پڕۆسەی خوێندن و ئاستی زانستی قوتابیان کەمتر دەبێت ، بەڵام ئەگەر ئەم پەتایە تا مانگی پێنج و دوای مانگی پێنج بەرۆکی بەرنەداین چیبکەین باشە؟
لێرەدا دەبێت باشترین رێگە و باشترین بەدیل ھەڵبژێرین کە دەرەنجامی خراپی نەبێت و ھیلاکی و ماندووبوونی ئەمساڵی خوێندنی قوتابیان بەفیڕۆ نەچێت.

بژاردەی سێیەم:
بریتیە لە سیستەمی ئەلیکترۆنی، سیستەمی ئەلیکترۆنی ئەمە دوا فرسەتە ئەگەر ھیچ دەرفەتێک نەما، ھەموو ئەو قوتابیانەی کەوا ئیمەیڵ یان مەسنجەر، سناپ، ڤایبەر، تێلیگرام یان ھەر ئامرازێکی تریان ھەیە، دەتوانن وانەکانیان بە ئاسانی بەدەستبھێنن و لە زانست دانەبڕێن و سوودمەند بن، بەڵام پەیڕەوکردنی ئەم سیستەمە ئیلزامی نابێت و ئیختیاری دەبێت، واتە قوتابی سەرپشک دەکرێت لەوەی کە لەگەڵ ئەم سیستەمە بڕوات یان نا، چونکە بۆ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ، تەنھا ئەو بابەتانە داخیل دەبێت کە پێشتر خوێندراون، لەم حاڵەتەشدا دەرچوونی قوتابی زۆر ئاسانتر دەبێت لە ھەردوو ھەڵبژاردەکانی پێشتر کە باسمان کردن، بەڵام ھەر قوتابییەک بیەوێت لە زانستەکە دانەبڕێت و پەرەی زیاتر بە ئاستی زانستیی خۆی بدات، دەکرێت لە پشووی ھاویندا قەرەبووی بکاتەوە.

بژاردەی چوارەم و کۆتایی:
بریتییە لە ئەژمارکردنی ئەنجامی سمستەری یەکەم بۆ ھەردوو سمستەرەکە بۆ ئەو قوتابی و خوێندکارانەی کەوا لە تاقیکردنەوەکان دەرچوون، بۆ ئەوانەی کەوا لە سمستەری یەکەم دەرنەچوون لە خولی دووەم تاقیکردنەوە بکەن، کە پێمان وایە ئەم بژاردەیە تاوەکو راددەیک لاوازە.








رووداو
Top