سێ کەسی کورد لە بەریتانیا پاش تووشبوونیان بە کۆرۆنا کۆچی دواییان کرد

سێ کەسی کورد لە بەریتانیا پاش تووشبوونیان بە کۆرۆنا کۆچی دواییان کرد
ژمارەیەک کورد لە شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا) تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و تائێستاش بەشێکیان کۆچی دواییان کردووە کە برای ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان لەنێو دایە.

کاروان جەمال تاهیر، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا نیگەرانیی خۆی لە تووشبوونی ژمارەیەک لە کوردستانییانی دانیشتووی بەریتانیا راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە بەشێک لەو کەسانە لە نەخۆشخانە چارەسەریان بۆ دەکرێت.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە تائێستا سێ کورد لە بەریتانیا بەم هۆیەوە کۆچی دواییان کردووە کە ئەوانیش (عومەری مام ڕەزا، شاد حامد فەرەج و کامەرانی سەید مەجید)ن.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەوانە کرد کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە کۆچی دواییان کردووە و هیوای چاکبوونەوەی تووشبووەکانی دیکەی خواست.

هەر لەمبارەیەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پرسەنامەیەکدا کە ئاراستەی دلێری سەید مەجید و جەزای سەید مەجید، ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتیی سەرکردایەتیی حزبەکەی کردووە، بە بۆنەی کۆچی دوایی کامەرانی برایان، سەرەخۆشی لێکردوون.











باسنيوز


Top