گوڵاڵە.. لەنێو ماڵێکدا بۆمبێک بە چەکدارێکی داعشدا تەقییەوە
خەلیل خوداداد، بەرپرسی کۆمیتەی گوڵاڵەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، ڕايگەیاند: "پێشنیوەڕی ئەمڕۆ ۹/٤/۲۰۲۰ لە گەڕەکی (شەهیدان)ی شارەدێی گوڵاڵە لەنێو ماڵێکدا بۆمبێک بە هاووڵاتییەکدا تەقییەوە و بەو هۆیەوە هەردوو دەستی پەڕیوە".
گوتیشی: "هاووڵاتییەکە بە ڕەگەز عەرەبە و دانیشتووی گوندی (کەشکەوڵ)ی سەر بە شارەدێی قەرەتەپەیە و ئەو ماڵەش ڕووداوەکەی تێدا ڕوویداوە ماڵی خزمێکیان بووە".
ڕوونیشی کردەوە: "گومان دەکرێت ناوبراو چەکداری داعش بێت و بە مەبەستی تەقاندنەوەی بۆمبەکەی هێنابێتە شارەدێکەوە".
ئاشکراشی کرد: "سەرەتا ڕووداوەکە شاردراوەتەوە بۆ ئەوەی هێزە ئەمنییەکان پێیان نەزانن، بەڵام پاش ئاگادارکردنەوەیان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی نیشتیمانییەوە دەستگیر کراوە".
باسنيوز
