نووسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان: هێمن مامەند بەپێی سكاڵایەكی پۆلیسی هەولێر بە تۆمەتی تەشهیر و ناوزڕاندن دەستگیر كراوەتەوە
رۆژی 7/4/2020 دوای ئەوەی پۆلیسی هەولێر سكاڵایەكی یاسایی دژی هێمن مامەند بەرز كردەوە بۆ داواكاری گشتی و بەپێی فەرمانی دادوەر بەشێوەیەكی یاسایی ناوبراو لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیركرا.
نووسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم لەم بارەوە بەیاننامەیەكی دەركرد ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:
رۆژی 5/4/2020 هێمن مامەند بە كەفالەت ئازاد كرا كە لەسەر داوای داواكاری گشتی بەپێی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان تۆمەتباری كرابوو بە بڵاوكردنەوەی زانیاری نادروست لە رێگای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وەك بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەندیخانەكانی كوردستان، هەروەها هاندانی هاووڵاتیان بۆ ئەوەی قەدەغەی هاتوچۆ و كەرەنتینە بشكێنن و لە ماڵەكانیان بێنە دەرەوە بەمەش ژیانیان دەكەوێتە مەترسی و ئەگەری بەركەوتنی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان زیاد دەبێت.
دوای ئازادكردنی راستەوخۆ لە رێگای دەزگاكانی راگەیاندنەوە چەند وشەیەكی ناشیاوی ئاراستەی هێزەكانی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەكان و كارمەندانی وەزارەتی تەندروستی و چەند تۆمەتێكی نادروستی خستە پاڵ ئەو هێزانە لە هەمان كاتدا لە مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنای كەم كردەوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە تەواوی جیهان گیرۆدەی ئەم ڤایرۆسە بوون.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر سكاڵای یاسایی دژی بەرز كردەوە و بە جنێودان و ناوزڕاندن تۆمەتباری كرد، ئێستا ناوبراو بەپێی ماددەكانی (432، 433) لە یاسای سزادانی عێراقی تایبەت بە تشهير، ناوزڕاندن بەشێوەیەكی یاسایی و بەپێی رێكارە كارپێكراوەكان دەستگیرا كراوە، لە لێدوانەكانیدا چەند تۆمەتێكی خستۆتە پاڵ حكومەتی هەرێم بە گشتی و هێزەكانی وەزارەتی ناوخۆ بەتایبەتی، پێشتريش لە رێگای تۆرە كۆمەڵایەتییەكانەوە رایگەیاند بوو كە رێكارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا سیناریۆن.
شایەنی باسە لە هەرێمی كوردستان كاری رۆژنامەوانی بەپێی یاسای ڕۆژنامهنووسی ژماره (35)ی ساڵی (2007) رێكخراوە، لەم یاسایەدا گشت ئەرك و مافەكانی رۆژنامەنووسان و دەزگاكانی راگەیاندن دیاریكراوە، بەڵام لە هەمان كاتدا ناكرێ پیشەی رۆژنامەنووسی ببێتە هۆكارێك بۆ بەزاندنی ئازادی كەسانی تر و هۆكارێك بۆ نانەوەی پشێوی و ئاژاوە و تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی. هەروەها لە یاسای ژمارە ٦ی ساڵی 2008ی پەرلەمانی كوردستان كە بە یاسای (قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن) ناسراوە سزای ئەو كەسانە دیاریكراوە كە هەموو جۆرەكانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان بۆ مەبەستی ناوزڕاندن بەكاردەهێنن
نووسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم
9ى ئەپریل 2020
