خوێندنی باڵا: ئەگەر سەرەتای مانگی داهاتوو خوێندن دەستپێنەکاتەوە بە ئۆنلاین دەستپێدەکەین
لە راگەیێندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا هاتووە "زانکۆکان بەردوام دەبن لە ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەوەی ئەگەر تاوەکو رێکەوتی 2-5-2020 نەتوانرا خوێندنی ئاسایی نێو کامپەس دەستپێبکاتەوە، ئەوا خوێندنی ئەلکترۆنی بە شێوازی (پاڵپشتکاری) دەستپێدەکات بەمەبەستی تەواوکردنی ئەو بەشە کەمەی پرۆگرامی خوێندنی ئەمساڵ کە نەخوێندراوە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "وەزاەرتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داوا لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات کە لە رێگەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن داوا لە سەرجەم کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت بکرێت کە پاکێجی تایبەتی ئینتەرنێت بدەن بە زانکۆکان، مامۆستایان، خوێندکاران و قوتابییان بەشێوەیەک کە خێرایی و نرخەکەی گونجاو بێت و ئەرکی سەر شانیان کەمبکاتەوە".
وەزارەتی خوێندنی باڵا چەند بڕیارێکی دەرکردووە، کە دەقی بڕیارەکان بەم شێوەیەی خوارەوەن:
1- ئەنجومەنی وەزارەت دڵنیایی دەداتە هەمو قوتابیان و خوێندکارانی کوردستان و کەسوکاریان کە ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠) بەفیڕۆ ناچێت و بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخەکە ڕێکاری زانستی پێویست دەگیرێتە بەر بۆ پاراستنی پرۆسەی خوێندن.
2- زانکۆکان بەردوام دەبن لە ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەوەی ئەگەر هەتا ڕێکەوتی (٢/٥/٢٠٢٠) نەتوانرا خوێندنی ئاسایی نێوکامپەس دەستپێبکاتەوە ئەوا خوێندنی ئەلکترۆنی بە شیوازی (پاڵپشتکاری) دەستپێدەکات بەمەبەستی تەواوکردنی ئەو بەشە کەمەی پرۆگرامی خوێندنی ئەمساڵ کە نەخوێنراوە.
3- لە حاڵەتی پیادەکردنی خوێندنی ئەلکترۆنی بە شێوازی (پاڵپشتکاری)، ئەوا لە چوارچێوەی سەربەخۆیی زانستی و ئەکادیمی دەستەڵات دەدرێتە زانکۆکان بۆ ئەوەی سەربەست بن لە بەکارهێنانی هەر جۆرە پلاتفۆرم و ئەپلیکەیشنێک کە لەگەڵ تایبەتمەندێتی زانکۆکانیاندا دەگونجێت بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ناوبراو.
4- وەزارەتی خوێندنی باڵا هاوکاری زانکۆکان دەبێت بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو گرفت و ئاڵنگاریانەی کە دێنە بەردەم جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە.
5- ئەو قوتابی و خوێندکارانەی کە پێشتر دەستیان بە پڕۆسەی خوێندنی باڵا (دبلۆم/ ماستەر/ دکتۆرا) کردووە و لە قۆناغەکانی (کۆرسات، توێژینەوە، گفتوگۆی نامە)-دان ئەوا بە هەمان شێوازی خوێندنی ئەلکترۆنی درێژە بە پرۆسەی خوێندن دەدەن. هەروەها ئەو قوتابی و خوێندکارانەی کە پێویستیان بە بەکارهێنانی تاقیگەی هەبێت، دوای ڕەزامەندی سەرۆکایەتی زانکۆ، هاوکاری دەکرێن بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانیان لە تاقیگەکان ئەنجام بدەن بەمەرجی پابەندبوون بە رێکارە تەندروستییەکان.
6- زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانیش بەهەمان شێوازی زانکۆ حکومییەکان پێویستە پاپەندبن بە جێبەجێکردنی تەواوی خاڵەکانی سەرەوە.
7- (دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیای جۆری) و (فەرمانگەی خوێندن و پلان دانان و بەدواداچوون) لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژیەوەی زانستی بەدواداچوونی بەردەوام دەکەن بۆ دڵنیابوون لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی خوێندنی ئەلکترۆنی.
8- وەزاەرتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەکات کە لە ڕێگەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن داوا لەسەرجەم کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت بکرێت کە پاکێجی تایبەتی ئینتەرنێت بدەن بە زانکۆکان و مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابییان بەشێوەیەک کە خێرایی و نرخەکەی گونجاو بێت و ئەڕکی سەرشانییان کەم بکاتەوە.
9- وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕێگای ئەنجومەنی وەزیرانی بەڕێزەوە کار دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە یاسایی و داراییانەی کە دێنە ڕێگای جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە.
رووداو
