سەرجەم پەرلەمانتارانی پارتی مووچەی ئەم مانگەیان دەبەخشن
لە راگەیێندراوەکەی فراکسیۆنی پارتیدا هاتووە "لە دەستپێکی هاتنی نەخۆشیی کۆرۆنا داوامان لە سەرجەم هەڤاڵانمان کرد کە لە ناوچەکانی خۆیان هاوکاریی خەڵک بن و بەبێ جیاوازی چییان پێ کرا بیکەن و لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانییش خۆبەخشانە هاوکاربن".
هەر بەپێی راگەیێندراوی فراکسیۆنەکە، سبەی پێنجشەممە 9ی نیسانی 2020، لەگەڵ هاتنی مووچەی پەرلەمان، 45 پەرلەمانتارەکەی پارتی مووچەکانیان دەدەن بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئەوەی هاوکاریی هەژاران و کەمدەرامەتانی پێ بکرێت.
فراکسیۆنی پارتی لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا دەڵێ "هەموومان پێکەوە دەست لە دەست، پەنا بە خوا ئەم قەیرانە تێدەپەڕێنین، سوپاس بۆ حکومەت و هەموو ئەو لایەنانەی لە ئەرکدان دژی نەخۆشیی کۆرۆنا و شەو و رۆژیان خستووەتە سەر یەک و پێکەوە ئەم دۆخە تێدەپەڕێنین".
رووداو
