لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، راپۆرتی وەزارەتەکانی پەسەند کرد
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرە پەیوەندیدارەکان بەشدار بوون، گفتوگۆ دەربارەی میکانیزم و چوارچێوەی یاسایی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کرا.
سەرۆکی حکومەت بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە جەختی لەوە کردووە کە ئەنجامدانی چاکسازی بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و ئامانجیش لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، بەدیهێنانی دادپەروەریی و شایستەبوونە و دەبێ هەموو بوار و سێکتەرەکانیش بگرێتەوە، دابینکردنی ماف وئیمتیازاتی یاسایی مووچەخۆرانی ڕاستەقینە و شایستە ئامانجی سەرەکیمانە.
دوای ئەوەی وەزیرە پەیوەندیدارەکان راپۆرتی تایبەتیان سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی خستەڕوو. لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی راپۆرتی وەزارەتەکانی پەسەند کرد، و گشت وەزارەت و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت ڕاسپێردران بە پێکهێنانی لیژنە لاوەکیەکان و دەستبەکاربوونیان لە زووترین کاتدا لە چوارچێوەی ماددە و بڕگەکانی یاسای چاکسازیی.
PDK
