وەزارەتی پێشمەرگە راگەیەندراوێکی بڵاوكردەوە
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە "شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی پەلامارێکی ترسنۆکانەی تاریکپەرستان و تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، لە شارۆچكەی كوڵەجۆ لە سنووری گەرمیان، لە ساتی راوەدوونان و بەرپەرچدانەوەی ئەو تیرۆریستانە، دوو پێشمەرگەی نەبەرد و ئازای سەر بە لیوای پێنجی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بە ناوەكانی (ئیسماعیل فارس رەسول ، سووركێو حەمە رەشید ) شەهید بوون. پرسە و سەرخۆشیی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی شەوی ڕابردووی كوڵەجۆ دەکەین و هاوخەمی و هاوسۆزی خۆمانیان بۆ دووپات دەکەینەوە".
ئاماژەی بەوەش داوە "بە خەڵکی کوردستان رادەگەیەنین، وێڕای ناهەمواری بارودۆخی هەرێمەکەمان و خراپی دۆخەکە بەهۆی پەتای کۆڕۆناوە، بەڵام وەک هەمیشە، هێزی گیانفیدای پێشمەرگە لەئامادەسازی و ئامادەباشی تەواودایە بۆ بەرگریکردن لەخاک و خەڵکی کوردستان. لە کاتێکدا چەندین جار هۆشداریمان داوە لەسەر خۆرێکخستنەوەی شانە نووستووەکانی داعش و سەرهەڵدانەوەیان، بەم کارە چەپەڵ و ترسنۆکانەشیان ناگەنە هیچ ئامانجێک و بە بازووی هێزی پێشمەرگە ئەفسانەی سەرهەڵدانەوەشیان پووچەڵدەکەینەوە، ئەمەش بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش و سوپای عیراق و هێزەکانی هاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی دژ بە داعش".
باسنيوز
