ناحیه‌ى بازیان کەرەنتین کرا

ناحیه‌ى بازیان کەرەنتین کرا
قایمقامی ناحیه‌ى (بازیان)ى سنوورى سلێمانى ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، بەھۆی تۆمارکردنی دوو حەڵەتی په‌تاى کۆرۆناوە، بازیان کەرەنتین کراوە و ڕێگەی ھاتوچۆی چوار شارۆچکە و 38 گوندیان گرتووە.

ئیسماعیل ئەحمەد، قایمقمای ناحیه‌ى بازیان ڕایگەیاند: "بەھۆی تۆمارکردنی دوو حاڵەتی کۆرۆنا لە بازیان، هه‌روه‌ها لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی تەندروستیی ھاووڵاتییان، ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 8/4/2020، بڕیارمان دا بۆماوەیەکی دیاریکراو ناحیه‌كه‌مان کەرەنتین بکەین".

گوتیشی: "پێشتر بازیان نیمچە کەرەنتین کرابوو، بەڵام ئێستا بەھۆی خراپیی دۆخەکە، تەواوی دەروازەکانی سنووری بازیانمان داخستووە، ھەروەھا ڕێگەی 38 گوندی سنوورەکەمان گرتووە".

قایمقمای ناحیه‌ى بازیان ئاماژەی بەوەش کرد: "زیاتر لە 30 سامپڵی خوێنمان لەو کەسانە وەرگرتووە کە بەرکەوتەی ئەو دوو کەسە بوون کە ھەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، ئێستا چاوەڕێی دەرەنجامی پشکنینەکانیان دەکەین.

باسى له‌وه‌ش كرد كه‌ له‌ بازیان ھیچ نەخۆشخانەیەکی کۆرۆنا نییه‌، "بەڵام بە ھۆکاری ئەوەی کە لە شاری سلێمانییەوە نزیکه‌، "پێویستمان بە نەخۆشخانەی کۆرۆنا نییە و تووشبووه‌كانمان ڕەوانەی شاری سلێمانی دەکەین".












باسنیوز


Top