بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە هۆکاری هێرشەکانی داعش ئاشکرا دەکات

بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە هۆکاری هێرشەکانی داعش ئاشکرا دەکات
بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان باس له‌ هۆكارەکانی دەست پێکردنەوەی هێرشەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەکات.

شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی هێرشێکی چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە سنووری ناحیەی کوڵەجۆ لە گەرمیان، دوو پێشمەرگە شەهید بوون.

لەمبارەیەوە لیوا باكر فەقێ ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، شەهیدبوونی ئەو دوو پێشمەرگەیە لە ئەنجامی هێرشی داعش، ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێشتا داعش چالاكه‌ و به‌هێزبووه‌ته‌وه‌.

ڕوونیشی کردەوە کە چه‌ند شه‌وێك لەمەوبەر، داعش لە سنووری داقووق جارێكی دیكە دەستیان بە هێرشكردن كردووەتەوە، ئەمەش بۆ دوو هۆكار دەگەڕێتەوە، ”یەكەم، پەتای كۆرۆنایان بە هەل قۆستووەتەوە و هەوڵ دەدەن بە شێوەی گرووپ كردەوە ئەنجام بدەن. دووەمیش، كشانەوەی هێزی هاوپەیمانانە لە شوێنی هەستیار، بە تایبەت ئەو ناوچانەی نەوتیان هەیە، ئەمەش هەلێکی دیكەیە بۆ ئەوان، بۆیە ئەوان بەردەوامن و هەر كاتێك بیانەوێت كاری خۆیان ئەنجام دەدەن"“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بۆشایی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق لە ناوچە کوردستانییەکان، دەرفەتێکی زیاتری بۆ داعش رەخساندووە تا لێیەوە هێرشەکانی ئەنجام بدات. گوتیشی: ”هێزەکانی عێراق کاتێک داعش کردەوە ئەنجام دەدات، دێنە پێشەوە، بەڵام کاتێک تیرۆریستان بێدەنگ بن، ئەوانیش بێدەنگ دەبن“.










باسنیوز





Top