وەزیری تەندروستی: تاوەکو کۆتا هەڵگری کۆرۆنا بەشوێن تووشبوواندا دەگەڕێین
تیمەکانی تەندروستی لە یەکەمین رۆژی داخستنی 11 گەڕەکەکەی هەولێر زیاتر لە 500 پشکنینی هەڕەمەکییان بۆ دانیشتووانی زیاتر لە چوار گەڕەک کردووە، بەپێی دەرئەنجامی پشکنینەکان رێکارە تەندروستی و ئەمنییەکان گۆڕانکارییان بەسەردادێت.
تیمەکانی تەندروستی بۆئەوەی بەتەواوی پشکنین بۆ 11 گەڕەک و گوندێکی پارێزگای هەولێر بکەن، پێویستیان بە زیاتر لە سێ رۆژە.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوە کرد، لە هەموو شتێک گرنگتر بەردەوامیی قەدەخەی هاتووچۆ و کەرەنتینکردنی بەرکەوتەکانە، تاوەکو کۆتا هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆناش بەشوێن تووشبووانی ڤایرۆسەکە دەگەڕێین.
زۆریی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەولێر وایکرد پێشمەرگەش لە کۆڵان و شەقامەکانی هەر 11 گەڕەکەکەی هەولێر لە ئەرکدا بن، ئەو گەڕەکانەی کۆرۆنایان تێدا تۆمارکراوە هێشتا جموجۆڵی خەڵک تێیاندا بەردەوامە.
بەهۆی زۆری و فراوانیی سنووری پشکنینەکان بۆ تیمەکانی تەندروستی، راگەیاندنی ئەنجامەکانیش کاتێکی زیاتری دەوێت.
رووداو
