کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق تاکتیکێکی کاتییە
لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای کۆڕۆنا لە جیهان، هێزەکانی ئەمریکا دەستیان بە کشانەوە کرد لە بنکە سەربازییەکانیان لە عێراق، کە ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ ئەو هەڕەشانەی کە میلیشیا شیعەکان و بەتایبەتی گرووپەکانی (عەسایبی ئەهلی حەق، حەرەکەی نوجەیبا، کتائیب سەید شوهەدا، سەرایا عاشورا، ئیمام عەلی و سەرایا خۆراسانی) لە هێزەکانی ئەمریکایان دەکرد، ئەوەش دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق بڕیاری چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە عێراق بە دەنگی زۆرینەی شیعەکان دەرکرد، بەو هۆیەوە بەشێک لە میدیا ناوخۆیی و عێراقییەکان ئاماژەیان بە سەرکەوتنی هێزە میلیشاکانی شیعە لە عێراق دا و بەشێک لە میدیای دیکەی دەرەوە و ناوخۆییش تاکوو ئێستا پێیان وایە جێهێشتنی ئەو بنکە سەربازییانە لەلایەن ئەمریکاوە تاکتیکی بێت، بەڵام هاوکات لەگەڵیدا هێزەکانی حەشدی شەعبی لە هەوڵی دەستخستنی زیاتری دەسەڵات لە عێراقن و هەوڵ دەدەن دەست بەسەر تەواوی جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵات بە سەرۆک وەزیرانیشەوە بگرن.
لەمبارەوە، خالید رەنجدەر چاودێری سیاسیی کورد رایگەیاند: "هەوڵی ئەو میلیشیا شیعانە بۆ دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتی زیاتر لە عێراق بەردەوامە و چاویان لەوەیە کە سەرۆک وەزیرانێک دابنێن کە بەتەواوی گوێڕایەڵیان بێت، بەڵام ئەوەش ئاسان نییە لەو دۆخە نوێیەی عێراقدا کە سەرەڕای بوونی پەتای کۆرۆنا خۆپیشاندانەکان لەدژی دەسەڵاتی شیعەکان بەردەوامە، گوتیشی: "کشانەوەی ئەمریکا بە یەکجاری نابێت و هۆکاری کێشانەوەکەی ترسی فریانەکەوتنی سەرپەرشتیکردنە لەم زەمەنی کۆرۆنایەدا. ئەوەش واتای سەرکەوتنی گرووپە میلیشیاکان نییە. ئەو گرووپانە هەوڵ دەدەن دەسەڵات لەدەستی حکوومەتی عێراق بە تەواوی دەربێنن، لە دۆخێکدا ئەگەر زیاتر بەهێز بن لەو باوەڕەدام حکوومەتی عێراق بەربەستێکیان بۆ دابنێت، دیارە ئەوەش زیاتر بە هاوکاری سیاسەتی ئەمریکا و گەمارۆخستنە سەر سەفەر و پارە و ماڵی سەکردەکانیان دەبێت، جگە لەوەش شەقامی عێراقیش حەزیان پێناکات و رەتکراوەن".
ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژەی بەوەش دا: "هەوڵەکانی ئەو میلیشایانە بە کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی دەسەڵات لە عێراق سەرکەوتوو نابێت، تەنیا ئەگەر بێت و لە ڕێگەی کوودەتاوە نەبێ، گوتی "لەو دۆخەدا هەموو شتێکیش چاوەڕوان کراوە".
باسنيوز
