بوومەلەرزەیەک سنووری گەرمیانی هەژاند

بوومەلەرزەیەک سنووری گەرمیانی هەژاند
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.1 پلە بە پێوەری ڕێختەر لە سنووری ئیدارەی گەرمیان ڕووی دا.

لەمبارەوە سیروان ساڵەح شارەزای بواری جوگرافیا و بەڕێوەبەری پەیجی كەشوهەوای گەرمیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك، ڕایگەیاند: "ئەو بوومەلەرزەیە كاتژمێر 10.56 خولەكی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 6/4/2020 بە کاتی هەرێمی کوردستان لە نێوان كەلار ـ شارەدێی كوڵەجۆ ڕووی داوە كە گوندی (شێخ لەنگەر) چەقی زەمین لەرزەكە بووە و 17 كیلۆمەتر لە سەنتەری شاری كەلارەوە دوور بووە".

گوتیشی "گوڕی زەمین لەرزەكە 4.1 پلە بووە بەپێی پێوەری ڕێختەر و لە قوڵایی 9 كیلۆمەتر لەژێر زەوییەوە ڕووی داوە".

جێی ئاماژەیە زەمین لەرزەكە لەلایەن هاووڵاتیانی شاری كەلار و دەورووبەرییەوە هەستی پێ كراوە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان هیچ زانیارییەكی لەبارەی بوومەلەرزەکە بڵاو نەكردووەتەوە.

هاوکات هەمان بوومەلەرزە کاتژمیر 12:26 خولەک بە کاتی ئێران بە گوڕی 4.1 بە پێوەری ڕیختەر و لە قووڵایی ٩ کیلۆمەتری ژێر زەوی لە شاری قەسر شیرینی سەر بە پارێزگای کرماشانی هەژاندووە.












باسنیوز



Top