بانگەوازێکی بەپەلە بۆ هاووڵاتییانی هەولێر بڵاو كرایه‌وه‌

بانگەوازێکی بەپەلە بۆ هاووڵاتییانی هەولێر بڵاو كرایه‌وه‌
گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، بانگەوازێکی بەپەلە بۆ هاووڵاتییانی هەولێر بڵاو كرده‌وه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 5/4/2020، د. بژار مووسا عه‌لى، گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر بانگەوازێکی بەپەلە بۆ هاووڵاتییانی هەولێر بڵاو كرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: "داوا لەو هاووڵاتییانە دەکەین کە سەردانی پرسەی خوالێخۆشبوان (فه‌تاح حه‌مه‌د ساڵح) و (فاتیمە ڕه‌حمان حوسێن) لە گەڕەکی کارێزان لە ڕۆژی شەممەی 21/3/2020یان کردووە، بەزووترین کات سەردانی سەنتەری چارەسەری کۆرۆنا (فریاکەوتنی ناوه‌ند) یاخود پەیوەندی بە تیمەکانی فریاگوزاریی 122 بکەن بەمەبەستی دڵنیابوون بە ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی تایبەت بۆ پەتای کۆرۆنا".

ده‌شڵێ: "لە پەراوێزی ڕێنوێنییه‌كانى خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا، بەرواری 2ی 3ی 2020 لێژنەی باڵای فەتوای هەرێمى كوردستان و وەزارەتی ئەوقاف و ژووری ئۆپەراسیۆن بڕیاری دا بەڕاگرتنی ڕێوڕەسمی پرسە بۆ کەمکردنەوەی بەریکكەوتن، بەڵام بەداخەوە پێچەوانەی هەموو ڕێنوێنییه‌كان، دوو بنەماڵەی شاری هەولێر ڕێوڕەسمی پرسەیان لە گەڕەکی کارێزانی شاری هەولێر دانا، كه‌ لە ڕۆژی شەممەی 21ی 3ی 2020 بوو و به‌هۆی ئەوەش 32 کەس تووشی ئەم ڤایرۆسە بوون، تاوەکوو ئەمڕۆ کەدەکاتە ڕێژەی نزیکەی 35%ی کۆی تووشبوانی په‌تاى كۆرۆنا له‌ شاری هەولێر، لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان بڕیارمان دا بە هەماهەنگییی لەگەڵ ژووری ئۆپەراسیۆنی ڕووبەڕووبوونەی کۆۆنا لە پارێزگای هەولێر، لە ڕێگای داواکاری گشتی ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەر هەردوو بنەماڵەی ئاماژەپێکراو دەگرینە بەر".












باسنيوز


Top