وەزیری تەندروستی: پرسەمان قەدەغە کردبوو بەڵام کەسانێک پێیەوە پابەند نەبوون

وەزیری تەندروستی: پرسەمان قەدەغە کردبوو بەڵام کەسانێک پێیەوە پابەند نەبوون
وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رای گەیاند، ئەوان زۆر زوو بڕیاری قەدەغەکردنی پرسەیان دابوو، بەڵام کەسانێک پێیەوە پابەند نەبوون و بەم هۆیەوە ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە هەولێر تووشی کۆرۆنا بوون.

ئەمڕۆ یەکشەممە پێنجی نیسانی ٢٠٢٠، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا رای گەیاند، ”ئێمە لە یەکەمین رۆژی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە ڕێنماییمان دەرکرد، لە ٢٣ی مانگی یەک داوامان کردووە هاووڵاتی بەرکەوتەی شوێنی قەرەباڵغ نەبێت و دواتر بە بڕیارێک پرسە قەدەغە کرا. بەداخەوە پابەندی ئەم ڕێنماییە نەکرا و بوونە هۆی ٣٢ حاڵەتی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا لە پرسەی یەکەمدا، پرسەی دووەمیش هەبووە“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوانی کۆرۆنا لە هەولێر، پلانێکی تازە جێبەجێ کراوە و نەخۆشخانەیەکی گەورەتر کە نەخۆشخانەی رزگارییە، تەرخان کراوە، چونکە ”ژمارەی تووشبوان زۆر بووە و نەخۆشخانەکانی دیکە پڕبوون“. جەختیشی کردەوە کە ئاماژەی ترسناک هەن بۆ بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوانی کۆرۆنا و داوای لە خەڵکی کرد، پابەندی ڕێنماییەکان بن.

سامان بەرزنجی روونی کردەوە کە لە کۆی ٢٣٣ حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا، ٨٥ حاڵەت چاکبوونەتەوە کە ٦٢ لە سلێمانی ١٧ هەولێر و ٦ لە دهۆکن. گوتیشی: ”بە پابەندنەبوونی هاووڵاتیان، تەشەنەکردنی پەتاکە زیاتر دەبێت و ڕۆڵی ڕێنماییەکان و پشکنینەکانی ڕووپێوکردن سوودی نامێنێت“.













باسنيوز




Top