وەزارەتی ناوخۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و پیادە بۆ 48 کاژێر بەتەواوی قەدەخە دەکات
بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ لە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆی رۆژی 4-4-2020 جێبەجێدەکرێت.
لە بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆدا کە ئەمڕۆ 3-4-2020 دەرچووە، هاتووە، "گشت مارکێت و نانەواخانەکان و ئەو شوێنانەی بۆ خزمەتی هاووڵاتییان رێگەپێدراون، دادەخرێن جگە لە دەرمانخانەی ئێشکگر کە کراوە دەبێت.
لەبارەی دابەشکردنی مووچە، لە بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆدا ئاماژە بەوە کراوە، دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبێت بەمەرجێک وەزارەت و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان پێویستە پێشوەختە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ ژووری ئۆپەراسیۆنەکان بکەن و لەکاتی وەرگرتنی مووچە مەودای دوو کەس لە دوو مەتر کەمتر نەبێت.
وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت بڕیارەکان بۆ رێگرتنە لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەر کەسێک سەرپێچی بکات دەستگیردەکرێت و ئۆتۆمبێلەکەی دەستی بەسەردا دەگیرێت.
رووداو
