سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەران: دەبێت پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر هەڵبگیرێت

سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەران: دەبێت پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر هەڵبگیرێت
سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان داوا دەکات، بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی لەسەریەتی، پارێزبەندیی یاسایی لەسەر ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان هەڵبگیرێت.

ئەیاد کاکەیی، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان رایگەیاند، دەزگای داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان، پێشتر و ئێستاش بەدواداچوونی بۆ کۆمەڵێک پرس کردووە، بە تایبەتیش کەیسەکانی پەیوەندیدار بە گەندەڵی کە بەشێکیان یەکلا کراونەتەوە.

ڕوونیشی کردەوە کە بەشێک لەم گەندەڵییانەی باس کراون، ”بوختان بوون و لە دژی حکوومەت بڵاوکراونەتەوە“. بۆیە بەپێویستی زانی، هەر کەسێک ”درۆ بۆ حکوومەت هەڵبەستێت“، داواکاری گشتی بەپێی ئەو دەسەڵاتەی هەیەتی، بەدواداچوون بکات و ئەگەر نەیتوانی قسەکانی بسەلمێنێت، ڕێوشوێنی بەرامبەر بگیرێتە بەر.

ئەیاد کاکەیی رای گەیاند، دەبێت داواکاری گشتی داوا لە پەرلەمانی کوردستان بکات، پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر هەڵبگرێت، ”کۆمەڵێک پەرلەمانتار خەریکی تێکدانی دۆخەکەن و ئەگەر ئەو دەنگۆیانە راست نەبوو کە بانگەشەی دەکەن، دەبێت لێپرسینەوە دەست پێبکرێت“.

ئەوەشی وەبیر هێنایەوە کە سۆران عومەر لە خولی ڕابردووی پەرلەمانەوە بەهۆی ئەوەی ”تۆمەتبارە“ و فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە، دەبوایە پارێزبەندی لەسەر هەڵبگیرێت، لە کاتێکدا ”دەبوایە دەستگیر بکرێت“.

رۆژی ١١ی ٥ی ٢٠١٦، عەبدولخاڵق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند: ”سۆران عومەر بڕیاری دەستگیرکردنی لای ئێمە هەیە و دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی دەرکردووە، چەندین جار ئاگادارمان کردووەتەوە، کەچی ئامادە نییە بێتە بەردەم دادگا".

ڕوونیشی کردەوە کە دەستگیرنەکردنی سۆران عومەر، پەیوەندیی بە پارێزبەندیی پەرلەمانییەوە هەیە، ئەوەشی نەشاردەوە کە 2 یان 3 جار نووسراویان ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کردووە، تاوەکوو ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵی ئیسلامی بچێتە بەردەم دادگا، بەڵام ئەو ئامادە نەبووە.

فەرمانی گرتنی سۆران عومەر لەسەر داوای خانەوادەی ڕۆژنامەنووسێک بەناوی محەمەد سیاسی دەرکراوە کە لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە پاش ئەوەی سۆران عومەر لە چێشتخانەیەکی هەولێر داوەتی کردووە، بێسەروشوێن بووە و تائێستا چارەنووسی نادیارە. خانەوادەی ڕۆژنامەنووسەکە پێیانوایە کە سۆران عومەر یان زانیاری لەبارەی دۆسیەکە هەیە و نایدرکێنێت، یانیش دەستی تێدا هەیە، بەڵام ئەو پەرلەمانتارە نە وەک شایەد و نە وەک تۆمەتبار نەچووەتە بەردەم دادگا و پارێزبەندیی یاسایی بۆ ئەم بابەتە قۆستووەتەوە.











باسنیوز


Top