لە سلێمانی لەڕێگەی پلازمای خوێنەوە چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا دەکرێت

لە سلێمانی لەڕێگەی پلازمای خوێنەوە چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا دەکرێت
رۆژانە ژمارەی تووشبووان و چارەسەرکراوانی کۆرۆنا پێکەوە لە هەڵکشاندان. بۆ چارەسەری تووشبووەکان، لە نەخۆشخانەکانی چارەسەری کۆرۆنا ژمارەیەک لە چارەسەری جیاواز و نوێ بەکاردەهێنرێن، یەکێک لە چارەسەرەکانیش بەکارهێنانی پلازمای خوێنی تووشبووە چارەسەربووەکانە بۆ تووشبووە نوێیەکان.

ئەو تەکنیکە چارەسەرە لە بەشێک لە وڵاتانی کاری پێ دەکرێت، یەکێکیش بووە لەو ڕێگایانەی لە چین بەکارهاتووە بۆ چارەسەری تووشبووانی کۆرنا و رێکخراوی FDAئەمریکیش پەسندی کردووە، چارەسەرەکە بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت کە بارودۆخیان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەوپەڕی خراپیدایە و جەستەیان هیچ وەڵامدانەوەیەکی بۆ چارەسەرەکانی پێشتر نەبووە.

ئەو کەسانەی دەیانەوێ خوێن ببەخشن سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی بانکی خوێنی سلێمانی دەکەن، لە هەفتەی رابردووشدا دووان لەو کەسانەی کە 14 رۆژ بەسەر چارەسەربوونیاندا تێپەڕیبوو، پلازما لە خوێنەکانیان وەرگیراوە و بۆ چارەسەری نەخۆشە نوێیەکان بەکارهاتووە لە نەخۆشخانەی تایبەت بە چارەسەری کۆرۆنا.

کەلسووم رەسووڵ، بەڕێوەبەری بانکی خوێنی سلێمانی دەڵێ، دەتوانن پلازمای خوێنی تووشبووە چارەسەرکراوەکان بۆ تووشبووانی کۆرۆنا وەرگرن بەمەبەستی چارەسەرکردنیان.

ئەمە لەکاتێکدایە، ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە و هەوڵەکانیش بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بەردەوامن، رۆژانە ئەو هەوڵانە ئاشکرادەکرێن بەکارهێنانی پلازمای خوێنی چاکبووەکانیش یەکێکی دیکەیە لەو چارەسەرانەی کە لەژێر تاقیکردنەوەدایە.









رووداو
Top