كەركووك.. هێزە عێراقییەكان ڕێگری لە پێشمەرگە و كارمەندانی تەندروستی دەکەن

كەركووك.. هێزە عێراقییەكان ڕێگری لە پێشمەرگە و كارمەندانی تەندروستی دەکەن
لە سنووری كەركووك، هێزە عێراقییەكان ڕێگە نادەن ئەو پێشمەرگە و كارمەندانەی تەندروستیی دەوامیان لە سنووری هەرێمە، بگەڕێنەوە ماڵەكانی خۆیان.

ئەمڕۆ چوارشەممە 1/4/2020، كاوە هاشم، چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە كەركووك، ڕایگەیاند: "هێزە عێراقییەكان لە هەردوو رێگای نێوان كەركووك-سلێمانی و كەركووك- هەولێر، رێگە نادەن بەو پێشمەرگە و كارمەندانەی تەندروستی كە خۆیان خەڵك و دانیشتووی كەركووكن، بەڵام دەوامەكانیان لە سنووری هەرێمی كوردستانە بگەڕێنەوە بۆ كەركووك، بە بیانووی بەهۆی ڤایرۆسی پەتای کۆرۆرناوە قەدەغەی هاتوچۆیە".

گوتیشی: "ئەمە لە كاتێكدایە هەزاران چەكداری حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی و پۆلیسی فیدڕاڵی خەڵكی پارێزگاكانی باشووری عێراق بە ئارەزووی خۆیان هاتوچۆ دەكەن و هیچ گرفتێكیان بۆ دروست ناكرێت، بگرە ئەوان زیاتر مەترسیی توشبوونی ڤایرۆسی كۆرۆنایان لێ دەكرێت، چونكە لە باشووری عێراق خەڵكێكی زۆر تووش بوونە و مەترسی ئەوە زۆرە كە خەڵك لە كەركووك تووش بكەن، بۆیە پێویستە لەسەر بەرپرسانی كەركووك چارەیەكی ئەو دۆخە بكەن".

هاوكات، ئاكۆ عەزیز، پێشمەرگەیە لە سنووری سلێمانی و دانیشتووی شاری كەركووك، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ چوارشەممە 1/4/2020، چەند پێشمەرگەیەك بە جلی مەدەنییەوە ویستمان لە سنووری سلێمانییەوە بگەڕێنەوە بۆ كەركووك، كەچی لە نزیك قەرەهەنجیر، هێزە ئەمنییەكان رێگەیان نەدا بگەڕێنەوە، هەرچەندە پێیانمان ڕاگەیاند كە ئێمەش هێزی ئەمنیین و ئەوەتا ناسنامەكانمان".

گوتیشی: "پێشمەرگەیەكی زۆر لەوێ گیریان خواردووە و رێگە نادەن داخلی ناو كەركووك ببن، بۆیە داوا دەكەین چارەسەرێكی ئەو دۆخە بكرێت".












باسنیوز




Top