حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانە لە دەرەوەی وڵات

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانە لە دەرەوەی وڵات
فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ڕوونکردنەەیەک ئاشکرای کردووە پێشینەى گەڕاندنەوەى هاووڵاتیانى هەرێمی کوردستان لە دەرەوە دەداتە ئەو کەسانەى بۆ چارەسەریی نەخۆشى و خوێندن و گەشتیاری لە دەرەوەى وڵاتن و ڕەوشیان لەڕووی یاساییەوە نالەبارە.

لەم قۆناغە سەختەدا، کە تەواوى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دووچارى بووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریکردنی گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی هەرێم لە دەرەوەی وڵات بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆی دەزانێت.

سەرۆکى حکوومەتى هەرێم لە چەندین بۆنەی جیاجیادا لەگەڵ فەرمانگە و وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەکان جەختى لەسەر ئەم پرسە کردووەتەوە و بە هەماهەنگىکردن لەگەڵ وەزارەتى دەرەوە و نێردە دیپلۆماسییەکانى عێراق و نوێنەرانى حکوومەتى هەرێم لە دەرەوە هەوڵى بەرچاو دراوە و ئاکامى باش بەدەست هێنراوە.

دواى وەستانى گەشتە ئاسمانییەکان زۆر لەو هاووڵاتییانەی بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزشکی، یان بۆ خوێندن یان وەکوو گەشتیار لە دەرەوەى وڵات بوون و بەهۆى نالەباریى ڕەوش ئێستا پێویستیان بە گەڕانەوە هەیە بۆ هەرێمى کوردستان، حکوومەتى هەرێم لە چوارچێوەى پلانێکى تۆکمە و بە هەماهەنگى لەگەڵ حکوومەتى فیدڕاڵ توانى ئاسانکاری پێشکەش بکات بۆ ژمارەیەکى بەرچاو لەو هاووڵاتییانەى کە لە دەرەوە بوون و پێویست بوو بگەڕێنەوە بۆ هەرێمى کوردستان.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی بەردەوامی خۆیەتی بۆ پێشکەشکردنی ئاسانکاری بۆ ئەو کەسانەی پێویستە بگەڕێنەوە.

تەشەنەکردنى ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوامە. سەرجەم ئەوانەى لە دەرەوە دەگەڕێنەوە رێکارى پزیشکى پێویستیان بۆ دەگیرێتە بەر، ئەمەش فشارێکى زۆر لەسەر وەزارەتى تەندروستى و کارمەندانى دروست دەکات، کە توانای لەو ڕووەوە سنووردارە. بۆیە بە هاووڵاتیانی بەڕێز ڕادەگەیەنین، لە ئێستادا تەنها ئەو داواکارییانە ڕەچاو دەکرێن کە زۆر پێویستیان بە گەڕانەوە هەیە، بە تایبەت ئەوانەى بۆ چارەسەر و گەشتیاری و خوێندن لە دەرەوەن و مانەوەیان گرفتی یاساییان بۆ درووست دەکات.

ئەو هاوڵاتیانەی دانیشتووى هەر وڵاتێکن لە دەرەوە و کێشەى دارایى و شوێنى مانەوەو کات بەسەرچوونى ڤیزایان نییە، داوایان لێ دەکرێت پشوودرێژ بن و لە دەرەوە بمێننەوە و تەواوى رێنماییەکانى تەندروستى ئەو وڵاتانە جێبەجێ بکەن.

هیواى سەلامەتى بۆ هاووڵاتیانمان دەخوازین و دووبارە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە، کە ئێستا و بە ڕەچاوکردنی ئەم دۆخە نائاساییە ئەو کەسانەی کێشەی مانەوەیان نییە و مۆڵەتی نیشتەجێبوونیان نییە، یان ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتانەیان هەیە، گەڕانەویان دوا بخەن بۆ کاتێکی گونجاوتر و بەو شێوە هاوکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم و کارمەندانی دەبن، تا بتوانن بە شێوەیەکی کاراتر فریای تووشبووان بکەون و چارەسەری گونجاویان پێشکەش بکەن.










باسنيوز


Top