سەرۆك شارەوانییەكی هەدەپە بەهۆی تووشبوونی بە كۆڕۆنا ئازاد كرا
نالان ئۆزئایدن سەرۆكی لەكارلادراوی شارەوانی (مازیداغ)ی سەر بە مێردین، بەهۆی ئەوەی لەناو زیندان كۆڕۆنای گرتووە، بە چەند مەرجێك ئازاد كراوە.
رۆژنامەی (جومهوریەت)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، نالان گەشتی چوونە دەرەوەی وڵاتی لێ قەدەغە كراوە و نابێت لە ماڵەوەش بچێتە دەرەوە، بەو دوو مەرجە دادوەر ئازادی كردووە تا ئەوكاتەی بە تەواوی بۆیان ئاشكرا دەبێت كۆڕۆنای گرتووە یان نا.
رۆژنامەی ناوبراو ئاشكرای دەكات، دوای ئەوەی تێستی كۆڕۆنا بۆ نالان كراوە، ئەنجامەكەی پۆزەتیڤ بووە، بۆیە ئەمە وای لە دادوەر كردووە لە زیندان دووری بخەنەوە.
نالان لە ٢٦ی ١١ی ٢٠١٩ لە سەرۆكی شارەوانی لادرا و بە تۆمەتی ئەوەی سەر بە پەكەكەیە دەستگیر كرا. ئەگەرچی داواكاری گشتی مێردین داوای كردبوو ١٥ ساڵ زیندانی بكرێت، بەڵام تاكوو ئێستا دادگای تاوانە قورسەكانی مێردین، بڕیاری كۆتایی لەسەر دۆسیەكەی نەداوە.
هەتا ئێستا حکوومەتی تورکیا ٣٧ سەرۆک شارەوانیی سەر بە هەدەپەی لەسەر کارەکانیان دوور خستووەتەوە و ٢١ کەسیشیان لە گرتووخانە دان.
باسنيوز
