کەسوکاری شەهیدان لە کەرکووک بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆ کێشەی وەرگرتنی مووچەیان هەیە
زەینەب یوسف بژێویی خۆی و منداڵەکانی لەسەر ئەو مووچەیەیە کە لەدوای شەهیدبوونی هاوژینەکەیەوە بۆی بڕاوەتەوە، ئێستا بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆوە نە دەتوانن بچن بۆ بانکەکانی سلێمانی و هەولێر، نە چارەسەرێکیشیان بۆ دۆزراوەتەوە تاوەکو مووچەکانیان پێ بگات.
زەینەب یوسف، کەسوکاری شەهید دەڵێ "دوو مانگە مووچەم وەرنەگرتووە، ئێمەش بەوە دەژین، ئیش و کار نییە، نە رێگەمان دەدەن خۆمان بچین، نە ئەوەیە بۆمان بهێنن".
شوکرییە ئەحمەد، کەسوکاری شەهید ئاماژەی بەوە کرد "45 رۆژە مووچەمان وەرنەگرتووە، نە رێگە دەدەن بڕۆین، نە چارەیەکمان دەکەن".
زیاتر لە چوار هەزار لە کەسوکاری شەهیدانی کەرکووک، هەمان کێشەیان هەیە. بەڕێوەبەرایەتیی کەرکووک چەند رێگەیەکی بۆ هێنانەوەی مووچەی ئەو خەڵکە خستووەتە بەردەم وەزارەت، بەڵام تاوەکو ئێستا رەزامەندیی بۆ وەرنەگیراوە، هەرچەندە بەرپرسانی کەرکووک ئامادەن بەرپرسیارێتیی هێنان و دابەشکردنی لە شارەکە بگرنە ئەستۆ.
خەلیل رەحیم، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کەرکووک دەڵێ "بەڵێنی ئەوەمان داوە کە لە کەرکووک لەگەڵ شانەی قەیرانەکان و هێزە ئەمنییەکان رەزامەندی وەربگرین و خەڵک بێن بۆ مووچەکەیان، ئێمە بە زنجیرە دەیکەین و دابەشی دەکەین، ئەگەر وەزارەت رەزامەندی بدات پارەکە بهێنینە کەرکووک".
بڕی پارەکە زیاترە لە دوو ملیار دینار، وەزارەتی شەهیدان ترسیان لە رێکارە ئەمنییەکانە کە لەژێر کۆنترۆڵی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نییە، بۆ ئەو پرسەش بەنیازن رۆژی چوارشەممە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی بۆ وەربگرن.
بەختیار فەرەج، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات "سبەی وەزیر لەگەڵ وەزیری دارایی کۆبوونەوە دەکەن لەسەر ئەو پرسە، بۆئەوەی رێگەچارەیەک بدۆزنەوە بۆ ئەم کێشەیە، یەکەم دەبێ دڵنیابین لەڕووی ئاسایش و ئەمنییەتی پارەکە بۆ کەرکووک، دووەم رێکاری تەندروستی لەبەرچاو بگیرێت".
جگە لە مووچەخۆرانی وەزارەتی شەهیدان، هەریەک لە فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و ئاوەدانکردنەوە و خانەنشینی پێشمەرگە، هەمان کێشەیان بۆ دروستبووە، تاوەکو ئێستا میکانیزمێکیان نەدۆزیوەتەوە، بۆئەوەی مووچەی ئەو کەسانە بدەن کە لە سنووری کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکانن بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆوە.
رووداو
