نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی بابلیی ئاشووری بڵاوکردەوە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی(ئەتیکۆ) سەری ساڵی نوێی بابلیی ئاشوورییەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە.
لە بەشێکی پەیامەکەدا کە وێنەیەکی بۆ(باسنیوز) نێردراوە هاتووە"کوردستان وەك هەمیشە لانكهى پێکەوەژیان، لێبوردەیی، مرۆڤدۆستییە و رۆڵە کریستیانەکانیشی پێکهاتەی رەسەن و کۆڵەکەیەکی گرنگی ئەم کولتوورهن، کە دەبێ بە هەموو شێوەیەك بیپارێزین و بەهێزتری بکەین".
ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە:-
بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی (ئەکیتۆ) سەری ساڵی نوێی بابليى ئاشووریيەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە تهواوى خوشك و برایانی کلدانی، ئاشووری و سریانی لە کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم، هیوادارم ئەم بۆنەیە مایەی خێر و خۆشی و گەڕانەوەی ئومێد و ئارامی بێت بۆ کوردستانیيان و ههموو گەلانی جیهان، کە بە هۆی پەتای کۆرۆناوە دووچاری دۆخێکی دژوار و نەخوازراو بوونهتهوه.
هەر بەم بۆنەیەوە جەخت لە گرنگیی هەماهەنگی و هاوکاریی هەموو دامودەزگا فەرمییەکان و لایەن و پێکهاتەکانی کوردستان پێکەوە دەکەمەوە، بۆ پابهندى به ڕێنماييهكانهوه و گرتنەبەری رێگەی دروست و پێویست لە پێناو تێپەڕاندنی ئەم دۆخەدا بە سەرکەوتوویی.
کوردستان وەك هەمیشە لانكهى پێکەوەژیان، لێبوردەیی، مرۆڤدۆستییە و رۆڵە کریستیانەکانیشی پێکهاتەی رەسەن و کۆڵەکەیەکی گرنگی ئەم کولتوورهن، کە دەبێ بە هەموو شێوەیەك بیپارێزین و بەهێزتری بکەین.
جەژنی ئەکیتۆ لە خوشك و برایانی کریستیانمان پیرۆز بێت و هیوادارم پێکەوە جەژن و بۆنەکانی داهاتوومان لە دۆخێکی باشتردا، لە سایەی پێکەوەژیان و ئاشتی و ئارامیدا بکەینەوە.
خوای مهزن کوردستان و کوردستانییان و تەواوی گەلانی جیهان بپارێزێت.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
31/3/2020
