شێوازی دابەشکردنی مووچە بەهۆی کۆرۆنا دەگۆڕدرێت
بێخاڵ عەلی، بەڕێوبەری یەکێک لە خوێندنگەکانی سنووری قەزای دووکانە و چووەتە بانک تاوەکو مووچەی سەرجەم مامۆستا و کارمەند و کارگوزارەکانی خوێندنگەکەی وەربگرێت. دواتریش دەبێت هەرخۆی ماڵ بە ماڵ بگەڕێت و مووچەی مامۆستا و فەرمانبەرەکانی دابەشبکات.
رۆژی پێش دابەشکردنی مووچەش ماددەی دژەڤایرۆس بە سەرجەم بانکەکاندا رشێنراون.
بێخاڵ عەلی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی چاڵاوی بنەڕەتی راگەیاند، "لە خوێنگەکەم 13 مامۆستا و پێنج کارگوزار هەن کە ماڵەکەنایان لە سلێمانی و پیرەمەگروون و گوندی چاڵاوەن و دەبێت مووچەی سەرجەمیان ببەمە ماڵەکانیان".
ئەو بەڕێوبەرە ئاماژەی بەوە کرد، "رێکارەکان لە بەرژەوەندیی هەمووانن، تەنانەت لە سنووری قەزای دووکان بەپێی سنوورەکانی ئەو قەزایە جیاکراوەتەوە کە بەڕێوەبەرانی خوێندنگەکانی هەر ناوچەیەک لەکاتی دیاری کراودا بچن بۆ وەرگرتنی موچەی مامۆستاکانیان تا قەرەباڵەخی دروستنەبێت".
شیرین رەحیم، مامۆستایەکە لە خوێندنگەی چاڵاو گوتی "بەڕێوبەرەکەمان ئەرک دەکێشێت کە مووچەکانمان دەگەیێنێتە دەستمان لە ماڵەکانی خۆماندا، بەڵام ئەو رێکارانە لە بەرژەوەندیی هەمووانە و رێگە دەگرێت لە قەرەباڵەخی لەبەردەم پەروەردەکان و بانکەکان".
جگە لە وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی کارووباری شەهیدان و ئەنفالکراوانیش رێکارێکی نوێیان داناوە بۆ ئەوەی قەرەباڵەخی لە بانکەکاندا دروست نەبێت.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەهەشت بانکی جیاواز و بە پێنج رۆژ و بەپێی رێکخستنێک مووچە دابەشدەکرێت.
ئەدیب لەتیف، بەرێوبەری بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و ئەفالکراوانی سلێمانی راگەیاند، "بەپێی ئەو سیستەمەی ئێمە دامانناوە، بە پێنج رۆژ مووچەی سەرجەم ئەو 16 هەزار کەسە دابەش دەکەین کە لە سنووری پارێزگاکەمانن و دابەشمان کردوون بەسەر سێ بەشدا".
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک موچەخۆر هەیە کە مانگانە لەکاتی وەرگرتنی مووچەکانیان لەبەردەم بانەکەکاندا قەرەباڵخیی زۆر دروست دەبوو.
رووداو
