وەزیری ناوخۆ: لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی گفتوگۆ لەسەر درێژکردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ دەکەین

وەزیری ناوخۆ: لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی گفتوگۆ لەسەر درێژکردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ دەکەین
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رای گەیاند، لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی لەبارەی درێژکردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ لە گفتوگۆدان و هێشتا هیچ ڕێکەوتێکی تەواویان دەستنیشان نەکردووە.

لەبارەی وادەی قەدەغەی هاتوچۆ کە ١ی ٤ی ٢٠٢٠ دەبێت بڕیاری تازەی لەبارەوە بدرێت، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ رایگەیاند: ”ئێمە لەگەڵ پارێزگارەکان لە گفتوگۆداین، ژووری ئۆپەراسیۆن لە پارێزگاکان کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجام داوە و پێشنیازەکانیان لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆ بۆ وەزارەتی ناوخۆ نێردراون“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە هەموو ژوورەکانی ئۆپەراسیۆن لە پارێزگاکان داوای درێژکردنەوەی وادەی قەدەغەی هاتوچۆیان کردووە، ”ئێستا لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی لە دیراسەداین کە چەند رۆژ پێویستە قەدەغەی هاتوچۆ درێژ بکرێتەوە، بەڵام هیچ بڕیارێک نەدراوە“.

هۆشداریشی بە هەندێک دەزگای راگەیاندن دا و ئاماژەی بەوە کرد: ”هەندێک کەناڵ لە خۆیانەوە ڕێکەوتێکیان دیاری کردووە، هەر کەناڵێک لە خۆیەوە هەر ڕێکەوتێک یان زانیارییەکی ناڕاست بڵاو بکاتەوە، بەرپرسیار دەبێت. ئێمە جارێ دیراسە دەکەین، هەر کاتێک بڕیارمان دا و لەسەر ژمارەی ڕۆژەکان ڕێککەوتین، هەموان ئاگادار دەکەینەوە“.












باسنیوز


Top