پێشمەرگەیەک نیوەی مووچەکەی بۆ ھاوکاریی ھاووڵاتیانی کەمدەرامەت دەبەخشێت

پێشمەرگەیەک نیوەی مووچەکەی بۆ ھاوکاریی ھاووڵاتیانی کەمدەرامەت دەبەخشێت
بەمەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستیی ڕۆژانەی ھاووڵاتیانی کەمدەرامەت لە شارەدێکەیاندا، گرووپی گەنجانی خۆبەخشی باوەنوور بۆ کاری خێرخوازی، بە ھاوکاری کەسانی خێرخواز کەمپینێکیان بۆ دابینکردنی پێداویستیی ڕۆژانە بۆ ھاووڵاتیانی کەمدەرامەت ڕاگەاندووە سەرپەرشتیاری گرووپەکەش ڕای دەگەیەنێت یەکەم کەس ھاوکاریی گرووپەکەی کردین پێشمەرگەیەک بووە و نیوەی مووچەکەی بەخشیوەتە کەمپینەکەمان.

ھەژار سۆفی، سەرپەرشتیاری گرووپی گەنجانی خۆبەخشی باوەنوور بۆ کاری خێرخوازی، ڕایگەیاند: "بەھۆی ئەو دۆخەی ھاتووەتە ئاراوە و داخستنی دووکان و شوێنکارەکان لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ژمارەیەکی زۆر ھاووڵاتی بێکار ماونەتەوە کە بژێوی ژیانیانی لەسەر بووە، بۆیە وەکوو کۆمەڵێک کەسی خۆبەخش و دڵسۆزی شارەدێی باوەنور کۆ بووینەتەوە بۆ ئەوەی بەدابینکردنی پێداویستیی ڕۆژانە ھاوکاری ئەو خێزانانە بکەین کە ھەژار و کەمدەرامەتن".

گوتیشی "یەکەمین کەس کە ھاوکاری کردین پێشمەرگەیەک بووە و نیوەی مووچەکەی بەخشیوەتە کەمپینەکەمان بۆ کرینی پێداویستیی ڕۆژانە بۆ ھاووڵاتیانی کەمدەرامەت".

ئاماژەی بەوەش دا "لە یەکەم قۆناغی کەمپنەکەماندا توانیمان پێداویستی نزیکەی ١٠ ـ ١٥ ڕۆژ دابەش بکەین بەسەر ٦٠ خێزاندا و بەردەوامیش دەبین".











باسنیوز


Top