کوڕی جگەرخوێنی شاعیر بەهۆی کۆرۆناوە کۆچی دوایی کرد

کوڕی جگەرخوێنی شاعیر بەهۆی کۆرۆناوە کۆچی دوایی کرد
بەپێی زانیاریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی باکووری کوردستان "کەیۆ جگەرخوێن" کوڕی جگەرخوێن شاعیری ناسراوی کورد بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەست داوە.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە "کەیۆ" لە تەمەنی ٨٤ ساڵی و بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆنا لە وڵاتی سوید گیانی لەدەست داوە.

جگەرخوێن، یەکێک لە شاعیرە ناسرا و دیار و کاریگەرەکانی ئەدەبی حیماسیی کوردستانە و لە ساڵی ١٩٠٣ لە باکووری کوردستان لە گوندی "حەسار" نزیک لە شاری ماردین لەدایک بووە.

جگەرخوێن لە ژیانیدا گەلێک دەربەردەری و ئاوارەیی چێشتووە و لە ساڵی ١٩٧٦دا بۆ سوریا دەگەڕێتەوە و لە ساڵی ١٩٧٩ ناچار دەبێت ڕوو بکاتە وڵاتی سوێد و لەوێ وەک پەنابەر دەگیرسێتەوە و بە نووسینەوە سەرقاڵ دەبێت و لە 1984.10.22 کۆچی دوایی دەکات و تەرمەکەی بۆ قامیشلی دەگوێزرێتەوە و لەوێ بە خاکی کوردستان دەسپردرێت.

بەرهەمەکانی بریتین لە:

دیوانی یەکەم: پریسک و پەتی (Prîsk û Pêtî)، ساڵی ١٩٤٥ ز دیمەشق

دیوانی دووەم: سەورا ئازادی (Sewra Azadî)، ساڵی ١٩٥٤ ز دیمەشق

دیوانی سێیەم: کیمە ئەز (Kîme Ez)، ساڵی ١٩٧٣ ز دیمەشق

دیوانی چوارەم: ڕۆناک (Ronak)، ساڵی ١٩٨٠ ز ستۆکھۆڵم

دیوانی پێنجەم: زەند ئاڤستا (Zend-Avista)، ساڵی ١٩٨١ ز ستۆکھۆڵم

دیوانی شەشەم: شەفەق (Şefeq)، ساڵی ١٩٨٢ ز ستۆکھۆڵم

دیوانی حەوتەم: ھێڤی (Hêvî)، ساڵی ١٩٨٣ ز ستۆکھۆڵم

دیوانی ھەشتەم: ئاستی (Astî)، ساڵی ١٩٨٥ ز ستۆکھۆڵم

دەستوورا زمانێ کوردی (Destûra Zimanê kurdî)، ساڵی ١٩٦١ ز بەغدا

فەرھەنگ (پەرچێ یەکەم) (Ferheng، perçê yekem)، ساڵی ١٩٦٢ ز بەغدا

فەرھەنگ (پەرچێ دوەم) (Ferheng، perçê diwem)، ساڵی ١٩٦٢ ز بەغدا










باسنيوز


Top