تەندروستیی کەرکووک: ئەو کەسەی بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا نەخۆشیی دیکەشی هەبووە

تەندروستیی کەرکووک: ئەو کەسەی بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا نەخۆشیی دیکەشی هەبووە
دوای چەند کاژێرێک لە گەڕانەوەی پشکنینی ژنێکی نەخۆش کە دەرکەوت تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، گیانی لەدەستدا. بەپێی ئەنجامی پشکنینەکەی لە تاقیگەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ژنەکە بەدەست نەخۆشیی دیکەشەوە دەیناڵاند.

دکتۆر زیاد خەڵەف، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی کەرکووک دەڵێ "شەوی رابردوو تووشبوویەکی کۆرۆنامان راگەیاند کە ژنێکی تەمەن 70 ساڵان بوو، ئەو ژنە دەیناڵاند بەدەست نەخۆشیی سینگییەوە و شەو گیانی لەدەستدا، گواستمانەوە شوێنی تایبەتمەند لە پزیشکی دادوەری و هەموو رێکارەکانی ناشتنیمان ئەنجامدا".

17 کەس لە خزم و خانەوادەی ئەو ژنە کە خەڵکی ناحیەی تازەن لە باشووری کەرکووک، کەرەنتین کراون، هاوکات چوار کارمەندی تەندروستی کە پێشتر چارەسەری ئەو توشبووەیان کردووە، خراونەتە ژێر چاودێریی تەندروستییەوە.

لە ماوەی رۆژانی قەدەخەی هاتووچۆ، جیا لە دەستگیرکردن و سزادانی دەیان سەرپێچیکار، زیاتر لە هەزار و 700 ساڵنامە و مۆڵەتی شۆفێری دەستیان بەسەردا گیراوە و هەریەکەیان بە 100 هەزار دینار سزادراون.

لەسەر شەقامەکانیش، هێزە ئەمنییەکان رێوشوێنی قەدەخەی هاتووچۆیان تووندتر کردووە و رێگە بە هاتووچۆی کەس نادەن بەبێ مۆڵەت.

عەمید دلێر حەسەن، فەرماندەی فەوجەکانی پۆلیسی ئامادەی کەرکووک ئاماژە بەوە دەکات "بەیانیان مارکێتەکان لە کاژێر هەشتەوە بۆ 11 دەکرێنەوە، ئەوکات خەڵک بە پیادە دەچن پێداویستییەکانیان دەکڕن، دواتر دادەخرێت و سەرپێچیکار سزا دەدرێ، جیا لەوە ئەوانەی بە ئۆتۆمبێل سەرپێچی دەکەن، پۆلیسی هاتووچۆ سزای 100 هەزار دیناریان دەدات".

دوای گەڕانەوەی 17 کەس لە وڵاتی میسرەوە لە رێگەی فڕۆکەخانەی بەغدا، کە سێ کەسیان دانیشتووی کەرکووک بوون، کەرەنتین کراون؛ 14 کەسی دیکەشیان خەڵکی هەولێر بوون و لەلایەن تیمەکانی کەرکووک بە کەرەنتینکراوی رادەستی تەندروستیی هەولێر کرانەوە.


رووداو
Top