وەزیری پەروەردە: بەهیچ شێوەیەک خوێندی ئەمساڵ نافەوتێت

وەزیری پەروەردە: بەهیچ شێوەیەک خوێندی ئەمساڵ نافەوتێت
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، پلانی پێشنیازکراویان ئاراستەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن و دڵنیایی دەدات "خوێندنی ئەمساڵ بە هیچ جۆرێک نافەوتێت".

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لەبارەی وەزارەتی پەروەردە چی کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دەڵێت، 30%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لەنێو ناوەندەکانی خوێندنی وەزارەتی پەروەردەدان، راگرتنی دەوامی ئەو ناوەندانەش بۆ پاراستنی سەلامەتی و گیانی خوێندکاران، مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتەکە بووە.

ئالان حەمە سەعید دەڵێت، پلانەکەیان بەشێوەیەکی قۆناخبەندییە بۆ دەستپێکردنەوەی دەوامی خوێندن، کە پێویستە هەڵسەنگاندنی تەندروستی رەچاو بکرێت بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام لە ناوەندەکانی خوێندن.

وەزیری پەروەردە ئاماژە بەوەشدەکات، لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا پێشنیازەکانی وەزارەتی پەروەردەی لە بەردەستدایە و بڕیاری لێدەدات "دڵنیایی دەدەینە هەموو قوتابییان و خوێندکارانی کوردستان کە ساڵی خوێندنی 2019 - 2020ـیان بەهیچ جۆرێک نافەوتێت".

ئالان حەمە سەعید ئاماژە بەوەشدەکات، پلان هەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی خوێندن و لەکاتی پێویست لیژنەی باڵای ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیاردەدات.


رۆژی یەکشەممە 22-03-2020 راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی هەندێک پەیج لە سۆشیاڵ میدیا کە "بەناوی وەزارەتەوە لێدوان بڵاودەکەنەوە" دا و رایگەیاند: "وەزارەت هیچ لێدوانێکی نوێی نەداوە، هاووڵاتیان و میدیا فەرمییەکان پێویستە هەواڵ لە سەرچاوەی فەرمیی وەزارەت وەربگرن".

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 25-2-2020 بڕیاریدا لە رۆژی 26-2-2020 دەوام لە ناوەندەکانی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردە رادەگیرێت. رۆژی 09-03-2020 ئەنجوومەنی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆبووەوە و لە یەکێک لە خاڵەکاندا سەبارەت بە ناوەندەکانی خوێندن رایگەیاند "لە ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردە (حکومی و ناحکومی رۆژی شەممە 28-3-2020 پرۆسەی خوێندن دەستپێدەکاتەوە).

پرۆسەی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیش لە رۆژی 01-04-2020 دەستپێدەکاتەوە".


رووداو
Top