توشبوویەکی نوێی کۆرۆنا لە کەرکووک تۆمارکرا

توشبوویەکی نوێی کۆرۆنا لە کەرکووک تۆمارکرا
بەڕێوەبەری بەشی تەندروستیی گشتی لەفەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک راگەیاند، کەمێک لەمەوبەر ئەنجامی پشکنینی ژنێکی تەمەن 75 ساڵان گەڕایەوە کە دەرکەوت هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە.

دکتۆر سەباح نامیق، بەڕێوەبەری بەشی تەندروستیی گشتی لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک و ئەندامی شانەی قەیرانەکان راگەیاند، "ئافرەتەکە خەڵکی ناعیەی تازە خورماتووە، چەند رۆژێکە لە نەخۆشخانە ماوەتەوە و چەند نەخۆشییەکی دیکەی هەیە، باری تەندروستیی زۆر ناجێگیرە و بەرگری لەشی کەمبووەتەوە".

بە گوتەی بەڕێوەبەری بەشی تەندروستیی گشتی لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک، ئێستا ئەو ئافرەتە لە نەخۆشخانەی کەرکووکی گشتی لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیدایە و لە هەوڵدان بیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی ناوچەی پیشەسازیی باشوور.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون 316 کەسن، 75 تووشبوویان چاکبوونەتەوە و 27 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش، تاوەکو ئێستا 91 کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 22 کەس چاکبوونەتەوە و دوو کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

تووشبوون بە کۆرۆنا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەیە:

- سلێمانی: 60 تووشبوو، 22 تووشبوویان چاکبوونەتەوە و دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.
- هەولێر: 28 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
- دهۆک: دوو کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
- هەڵەبجە: یەک کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

بە گوتەی سەرپەرشتیاری چارەسەرکردنی کۆرۆنا لە سلێمانی، پێدەچێت سبەینێ پێنج تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لەو شارە بنێردرێنەوە ماڵەوە، ئەمەش بەهۆی چارەسەربوونیان.


رووداو
Top