لە سنووری كەركووك دەست بەسەر شەش مۆڵگەی داعشدا گیرا

لە سنووری كەركووك دەست بەسەر شەش مۆڵگەی داعشدا گیرا
لەلایەن پۆلیسی فیدراڵیی عیراقەوە لە سنووری پارێزگای كەركووك، دەست بەسەر شەش مۆڵگەی تیرۆریستانی داعشدا گیرا.

بەپێی ڕاگەیاندراوێكی پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق تێیدا هاتووە، لە هەڵمەتێكی هێزەكانی پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراقدا لە زنجیرە چیای "غەرە"ی سەر بە كەركووك، دەستیان بەسەر شەش مۆڵگەی تیرۆریستانی داعشدا گرتووە.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، هاوكات لەو هەڵمەتەی پۆلیسی فیدڕاڵیدا، دەست بەسەر 20 بۆمبی چێندراو و 19 گوللە هاوەن و كەرەستەی دیكەی تەقینەوەوەدا گیرا و پاشان لەلایەن ئەندازەی سەربازییەوە تەقەمەنییەكان پووچەڵ كرانەوە.

هاوكات، ناسر ئەحمەد، بڕیاردەری لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، لە بارەی جموجۆڵی داعش لە ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان، پێشتر، ڕایگەیاند، جموجۆڵی داعش لە ناوچە دابڕاوەكان و هەروەها زنجیرە چیای حەمرین هەیە و ئەوان گروپ گروپ كردەوەی تیرۆریستی خۆیان لێرەو لەوێ ئەنجام دەدەن.

گوتیشی، هۆكاری سەرەكی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پێشمەرگە لە ناوچەكە نەماوە، هەروەها بەشێك لەو داعشانە هەر عەرەبە هاوردەكانن لە دژی كورد بەكار دەهێنرێن و هەروەها حەشدی شەعبی پشتیوانیان لێ دەكەن و مەبەستیشیان پشێوی زیاترە لە ناوچەكە.












باسنیوز

Top