وەزارەتی ناوخۆ سەرجەم هێزەکان دەخاتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

وەزارەتی ناوخۆ سەرجەم هێزەکان دەخاتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرجەم هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیس دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. بڕیارەکەش لە رۆژی 23-3-2020ـەوە جێبەجێدەکرێت.


لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "گشت هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە ئەفسەر و کارمەندانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دیوانی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتییەکانی گشتیی رەگەزنامەی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیس، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کارەبای هەرێم، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێم، دادگای ‌هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ یەک و دوو، دەستەی پشکنینی هێزەکانی ناوخۆ، کۆلێژی پۆلیسی هەولێر و سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی مەشق و شیاندنی پارێزگای سلێمانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیس دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە".

بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ خستنی ئەو هێزانە بۆ حاڵەتی ئامادەباشی بۆ هاوکاریکردنی ئەو هێزانەیە کە ئەرکی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان پێسپێردراوە.

ئەو بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ لەچوارچێوەی رێکارەکانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 77 تووشبوو تۆمارکراون، 22 کەسیان چاکبوونەتەوە و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە.

وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکان داوا لە هاونیشتمانییان دەکەن کە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و لە ماڵەکانیان بمێننەوە.


رووداو
Top