پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی نەورۆز و سەری ساڵی تازەی كوردی

 پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی نەورۆز و سەری ساڵی تازەی كوردی


سەرۆک بارزانی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی، پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو كوردستانیان دەکات.

لە پەیامەکەیدا، کە ئەمڕۆ هەینی 20-3-2020 بڵاوی کردووەتەوە، سەرۆک بارزانی بە ئاماژەکردن بە هەڕەشەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، داوا لە گەلی کوردستان دەکات ”وەك ئەركێكی نیشتیمانی بە وردی پابەندی ڕێنمایی تەندروستی و ڕێوشوێنەكانی حكوومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكان بن“.

سەرۆک بارزانی هەروەها بە پێویستی دەزانێبە ئیرادەیەكی هاوبەش و پابەندبوون و خۆپارێزیی گشتی، گەلی کوردستان ئەو بارودۆخە تێپەڕێنێت.

هەر لە پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی ستایشی بڕیار و هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ماندووبوون و شەونخوونیی تیمە پزیشکییەکان، پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ دەکات و رایگەیاندووە، هەوڵی ئەوان بووەتە هۆی ئەوەی ڕێژەی بڵاوبوونەوەی پەتاكە لە ئاستێكی زۆر كەمدا بمێنێ و بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر، هەرێمی كوردستان پارێزراوتر بمێنێتەوە

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و، سەری ساڵی 2720ـی كوردی پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو كوردستانیانی خۆشەویستی ناوەوە و دەرەوەی وڵات دەكەم و هیوای ئاشتی و ئارامی بۆ هەموو لایەك دەخوازم.

بەداخەوە ئێستا ناوچەكەمان و هەموو جیهان لەگەڵ هەڕەشەی پەتایەكی جیهانی دەستەویەخەیە و بە هۆیەوە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بارودۆخێكی نالەباری تەندروستی و ئابووری هاتووەتە ئاراوە. بۆ گەلی كوردستانیش ئەم پەتایە بووەتە تەحەدییەكی گەورە و، تێپەڕاندنی ئیرادەیەكی هاوبەش و پابەندبوون و خۆپارێزیی گشتی پێویستە. لێرەوە بە پێویستی دەزانم داوا لە هەموو لایەك بكەم كە وەك ئەركێكی نیشتیمانی بە وردی پابەندی ڕێنمایی تەندروستی و ڕێوشوێنەكانی حكوومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكان بن. چەندە هەموومان پابەندی ڕێنماییەكان بین و خۆمان بپارێزین ئەوەندەیش هەڕەشەی ئەو پەتا مەترسیدارە لەسەر هاووڵاتیانی كوردستان كەمتر دەبێ.

جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لە دەستپێشخەری و بڕیار و هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەم كە هەر لەسەرەتای دەستپێكی ئەم پەتایە هەتا ئێستا، بوونەتە هۆی ئەوەی ڕێژەی بڵاوبوونەوەی پەتاكە لە ئاستێكی زۆر كەمدا بمێنێ و بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر، هەرێمی كوردستان پارێزراوتر بمێنێتەوە. سوپاسی ماندووبوون و شەونخونیی تیمە پزیشكییەكان و ئاساییش و پۆلیس و پێشمەرگە و گشت لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەم كە لەم ڕۆژە سەختانەدا بەرپرسیارێتیی مێژوویی و هەستیاریان لەسەر شانە و ئەركێكی نموونەییان جێبەجێ كردووە.

لەوە دڵنیام كە پشت بە خودا و بە هاوكاریی نێوان خەڵك و حكوومەت و پابەندبوونی هەموو لایەك ئەم كۆسپ و تەگەرەیەش بە سەلامەتی تێدەپەڕێنین.

نەورۆزتان پیرۆز و هیوای خۆشی و شادی و تەندروستی بۆ خەڵكی خۆشەویستی كوردستان دەخوازم.

مسعود بارزانی

20ـی 3ـی 2020
Top